کوردستان

شوان کەلاری: بە بانکیکردنی مووچە لە “هەژماری من” و بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق هەمان ئامانجی هەیە

09/05/2024
shwan kalari

دەنگوباس

شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ پرسی بە بانکیکردنی مووچە سەردانی بەغدا دەکات، لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی بە بانکیکردنی مووچە لە “هەژماری من” و بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق بۆ ئەوەیە مووچەخۆر هەژمارێکی بانکی هەبێت و لە ڕێگەیەوە مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بانکەکانی ناو پڕۆژەی “هەژماری من” دەتوانن بە میکانیزمێک لەگەڵ بانکی تی بی ئای ڕێکبکەون، بە دڵنیاییەوە ئەوەش بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە خزمەتی مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت.

جەختی لەوەشکردەوە، تا تەواوکردنی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران بەپێی ڕێککەوتنی حکومەتی عێراق و بەغدا ناردنی پارەی مووچە بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوە دا کە لە لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕێککەوتوون ئەو بانکەش بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی "هەژماری من".


#باشووری کوردستان