دەنگوباس
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبارەی ئەو هێرشە زەمینییەی کە ئیسرائیل لە شارۆچکەی ڕەفەح سەر بە کەرتی غەززە دەستی پێکردووە، ڕایگەیاند کە ئەوان خەریکی هەڵسەنگاندنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیلن و پشتڕاستی کردەوە کە ناردنی بەشێک لە چەکەکانی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل ڕاگیراوە.
لۆید ئۆستن لە وتارێکدا لەبارەی پرسی بوودجە لە سینات قسەی کرد و ئەو هەواڵانەی پشتڕاست کردەوە کە ئەمریکا ڕادەستکردنی بەشێک لە چەکەکانی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کە ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە سنووردارەی ئیسرائیل لە ڕەفەح نەبوون و لەم بارەیەوە بە ئاشکرا پەیامیان بە تەلئەبیب داوە و وەک ئیدارەی بایدن لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.
ئۆستن جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان دڵنیان کە ئیسرائیل لە ئێستادا خاوەنی ئەو چەک و پێداویستییە سەربازییانەیە کە بتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات و ئێستاش بە چاودێری کردنی دۆخی ڕەفەح بڕیار دەدەن لە ڕادەستکردنی پێداویستی دیکە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەرنجی بۆ لای ئەوەش ڕاکێشا کە ژیانی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی کەرتی غەززە لە ناخۆشی دایە و ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە نامانەوێت شایەتی پێکدادانی توند بین لە ڕەفەح.
#ئەمریکا
#ئیسرائیل