کوردستان

شاسوار عەبدولواحید: لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار دەکەین

08/05/2024
shaswar abdulwahid

دەنگوباس

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕایگەیاند، سبەینێ نەوەی نوێ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سبەینێ نەوەی نوێ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە ١٢١ لە ٢٠٢٢/٥/١٥ داوادەکەین حکومەتی هەرێم بە ماوەبەسەرچوو حساب بکرێت و هەموو ئەو بڕیارانەی داویەتی هەڵبوەشێنرێتەوە و هەتا داوادەکەین حکومەتەکە بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە.

شاسوار عەبدولواحید، ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن ڕێککەوتوون و پێکەوەن، سکاڵاکەی یەکێتی لە دادگای فیدراڵی بۆ پشتیوانی پارتییە و لەو ڕێیەوە کارەکانی کۆمسیۆن پەک دەخەن.

وتیشی، پارتی و یەکێتی چارەنووسیان پێکەوەیە و هیچ شتێک ناکەن بەبێ یەکتر.

ئەمەش لە کاتێکدایە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵاوی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، تا یەكلابوونەوەی ئەو سكاڵایەی كە دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، کارەکان ڕادەگیرێن.

سکاڵاکە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی لە دژی بڕگەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.


#باشووری کوردستان
#هەڵبژاردنی کوردستان