دەنگوباس
كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان درایەوە دەست چارەنووسێكی نادیار، ئەو دادگایەی تا دوێنێ بە "نا دەستووریی و لیژنەی سیاسیی و مەحكەمەی سەورە" وەسفدەكرا، بەكارهێنرا بۆ درێژەدان بەم دۆخە نالەبارەی كە هیچ دامەزراوەیەك شەرعیەتی نەماوە .
ئێمە لە سەرەتاوە ڕێزمان لە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی گرتووە، هیواداریشین دەسەڵاتدارانی هەرێم وەك چۆن ناچاربوون پێچەوانەی قسە و هەڵوێستی ڕابردوویان، ڕێی دادگای فیدراڵیی بگرنەبەر بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بڕیاری هەمان ئەو دادگایەش جێبەجێبكەن كە تایبەتە بە بانکیکردن"تەوتین"ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانكە فیدڕاڵییەكان و چیتر ژیان و گوزەرانی خەڵك و مووچەخۆران نەكەنە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان.
بە بڕوای ئێمە ئەوەی زەرەرمەندی یەكەمە لە دواخستنی هەڵبژاردن، كۆی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانیەتی كە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهۆی گەندەڵیی و نەمانی شەرعییەتی دامەزراوەكانییەوە، لە لاوازەوە بەرەو لاوازتر دەڕوات، تەنانەت مەترسی هەیە بارودۆخ بەرەو ئاقارێک بڕوات، کێشەکان گەورەتر و قەیرانەکان قوڵتر ببنەوە و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدرێت.
حاڵ و واقیعی ئەمجۆرە لە حوكمڕانیی كە بووەتە بار بەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیەوە، لەهەر وڵاتێكی دیكە بوایە، نەك هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن نەدەدرا، بەڵكو دەبوایە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرایە.
#باشووری کوردستان
#هەڵبژاردنی کوردستان
#کۆمەڵی دادگەری