دەنگوباس
بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات ڕایگەیاند، هەڵبژاردن بە هەماهەنگی و ڕاوێژ و ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی دواخرا.
لیستەکەی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان ئەمجارەش بە شێوازێکی تر و لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە، بوون بە ڕێگر لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
دیسانەوە و بە بیانوی داتاشراو و ئامادەکراوەوە، دوای چەند جارێک لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی، دوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان ئەمجارەش بە شێوازێکی تر و لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە، بوون بە ڕێگر لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
ئەم دوو حزبە چەند ساڵێکە بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی، چەندین کۆسپیی نا یاساییان لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست کردووە، ئەوان بەبێ بوونی هیچ کێشە و بیانویەک، بە دەنگی هەشتاو پێنج پەرلەمانتاری دوو حزب و هاوپەیمانەکانیان، تەمەنی پەرلەمانیان درێژ کردەوە، تەنانەت لەو ماوە نایاساییەشدا، دەستیان بۆ هیچ یەکێک لە مەلەفە گرنگەکانی ڕێخۆشکەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەک یاسای هەلبژاردن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نەبرد.
دواتر کە دادگای فیدراڵی ئەم هەنگاوە نایاساییەی هەڵوەشاندەوە، کەوتنە داڕشتنی سیناریۆی تر بۆ خۆڵکردنە چاوی جەماوەر و پەکخستنی ئەم دەزگا گرنگە، بەتایبەت لە دوای هەڵکشانی ناڕەزایەتی و ڕەخنە و لە ڕوو وەستانەوەی جەماوەر بۆ سیاسەتە شکستخواردوەکانی دوو حزب و دەسەڵاتەکەیان.
لێرەدا دەبێ بپرسین لە ماوەی شەرعی پەرلەماندا، واتە لەو چوار ساڵەدا، چ ڕێگرییەک لەبەردەم پەرلەمان و دوو حزبدا هەبوو کە نەتوانن پیاچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردن بکەن، ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکەن، کۆمسیۆن نوێ بکەنەوە؟
بەڵام لە ڕاستیدا نە ئەوکات و نە ئێستاش هیچ بیانویەکی ئسوڵی و هۆکارێکی یاساییان بۆ ئەو پەکخستنەی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن نەبووە و نییە، جگە لە هۆکارێکی سەرەکی کە ئەویش ئەوەیە ئەم دوو حزبە جارێکی تر ئەو ڕاستییەیان بۆ دووپاتکردینەوە کە نەبڕوایان بە دەستاودەستی دەسەڵات هەیە، نە هێزی دیموکرات و مەدەنین، نە رێزیش لە ویست و ئیرادەی جەماوەر دەگرن.
هاووڵاتییانی خۆڕاگری کوردستان ئێمە وەک (بەرەی گەل)، پارتی و یەکێتی بە بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دواخستن و ئەم بۆشاییە تەشریعیەی کوردستان دەزانین، جەماوەریش لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم هەنگاوانە بە هەماهەنگی و ڕاوێژ و ڕێکەوتنی هەردوولا کراوە و دەکرێت، ئەم دەسەڵاتە تەنها کاتێک هەڵبژاردنی دەوێت کە پێگەی خۆی بە نایاسایی و بەدەر لە ئیرادەو دەنگی خەڵک بسەپێنێت و جۆرێک لە دیزاینی پێشەوختەی بکات بەو جۆرەی هەژمونی پڕ لە پاوانخوازی خۆی بەسەر کۆمەڵگاوە بهێڵێتەوە.
#باشووری کوردستان
#بەرەی گەل
#هەڵبژاردنی کوردستان