کوردستان

سەرباری ڕاگرتنی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن، بافڵ تاڵەبانی داوا دەکات هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت

07/05/2024
bafel talabani

دەنگوباس

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتۆن لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی ھەڵبژاردن، دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا گفتوگۆی وردیان لەبارەوەکرا و جەخت لەبەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی بێگەرد کرایەوە، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی وتی، پێویستە ھەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵک بێت، دیموکراسی بباتە ئاستێکی باڵاتر.

لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ھەردوولا ھاوڕابوون کۆتایی بە ناکۆکییەکان بھێنرێت، کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربکرێن و ھاوبەشیی راستەقینە لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا پەیڕەوبکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای فیدڕاڵی عێراق بە بڕیارێک كارەكانی كۆمسیۆنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕاگرت تاوەكو دادگا بڕیاری كۆتایی لە سكاڵاكەی مەسرور بارزانی دەدات.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، ڕۆژی ٦ی ئایار سكاڵای لەسەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆمار کرد و داوای کرد دادگا بڕیارێكی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی کارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەربكات، تاوەكو كاتی یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكەی.


#باشووری کوردستان
#هەڵبژاردنی کوردستان