دەنگوباس
فازل بەشارەتی لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران ڕایگەیاند، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانى بۆ تاران تەنها بۆ بابەتى هەڵبژاردن نییە و پرسى دیکەش باس دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "دواخستنی هەڵبژاردن بابەتێک نییە لایەنە سیاسییەکان کێشەی لەسەر دروست بکەن".
فازل بەشارەتی، بەرپرسی پێشووی لقی پارتی لە هەڵەبجە ڕایگەیاند، لە چەند ساڵی ڕابردوودا کێشە لەنێوان پەیوەندییەکانی هەرێم و ئێران هەبوو، کە وڵاتێکی کاریگەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بۆ هەرێمیش کاریگەری دەبێت، نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و قەیرانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئاماژەی بەوەکرد، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانى بۆ تاران تەنها بۆ بابەتى هەڵبژاردن نییە و پرسى دیکەش باس دەکرێت، لە کاتێکدا بەردەوام شاندی ئێران دەهاتنە هەرێم پێویست بوو لێرەشەوە شاندێک سەردانی وڵاتەکە بکات.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە وتی، من زانیاری ورد و تەواوم لا نییە، بەڵام وەک ئەوەی دەوترێت هەڵبژاردن بۆ مانگی 10 دوادەکەوێت، ئەمەش بابەتێک نییە کێشەی لەسەر دروستبکرێت و هەندێک لەلایەنەکان خۆیانی پێوە سەغڵەت بکەن، پێشتریش چەندین جار هەڵبژاردن دواخراوە و هیچ نەگۆڕاوە، بۆیە پێویستە لایەنەکان لەسەری بگەنە ڕێککەوتن.
جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە هەڵبژاردنێک ئەنجامبدرێت کە سەرجەم لایەنەکان لەسەری هاودەنگ بن، بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی کوردستانی تیابێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پاش چەند جارێک لە دواخستنی هەڵبژاردن بڕیار بوو ڕۆژی ١٠ی حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، سەرباری جەختکردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا سوورە لەسەر بەشدارینەکردنی هەڵبژاردن، بەپێی زانیارییەکان بڕیارە پڕۆسەکە چەند مانگێک دوابخرێت.
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، سكاڵای لەسەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆمار کرد و داوای کرد دادگا بڕیارێكی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی کارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەربكات تاوەكو كاتی یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكە.
#هەڵبژاردنی کوردستان
#پارتی دیموکراتی کوردستان