کوردستان

مەسرور بارزانی داوایەكی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی كرد

06/05/2024
masrour barzani

دەنگوباس

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، سكاڵا لەسەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆماردەكات و داوا دەكات دادگا بڕیارێكی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی کارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەربكات تاوەكو كاتی یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكەی.

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پارێزەرەكەیەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی، سكاڵای لە دژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركردووە، لە سكاڵاكەیدا دەڵێت، "كۆمسیۆن لە دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، سەرپێچی دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كردووە، چونكە كۆمسیۆن لە دابەشكردنی ژمارەی كورسیی بازنەكان، پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە نەوەك ژمارەی دانیشتووانی ئەو بازنانە، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی 49ی دەستووری عێراقە".

لە سكاڵاكەیدا داوا لە دادگای فیدڕاڵی دەكات، بڕیارێكی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی ڕێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەربكات تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاوەكو یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكەی.

 


#باشووری کوردستان
#مەسرور بارزانی