راپۆرت و چاوپێکەوتن

سەردانەکەی بارزانی و داخوازییەکانی هەولێر و تاران

06/05/2024

دەنگوباس

 نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی یەکشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا سەفەری تارانی کرد، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هەوراز و نشێوی بەرچاو بوونەتەوە، بەڵام ئێستا شارەزایان پێیان وایە دیدارەکانی بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران ویستی هەردوولا بۆ تۆکمەکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەردەخات و دەتوانێ ڕێڕەوێکی نوێ بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
گرنگی ئەم سەفەرە دوو هێندە دەبێت کاتێک پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو لێکبدرێتەوە کە ڕووبەڕووی گرژیی سیاسی-ئەمنی بەرچاو بووەتەوە. لە دۆخێکی وادا چاودێرانی پێشهاتەکانی ناوچەکە پێیان وایە ئەم سەفەرە چەند ئامانجێک لەخۆ دەگرێت.

جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق
یەکەم سەردانی بارزانی بۆ تاران دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا لە دۆخێکدایە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق سەبارەت بە دوورخستنەوەی پارتەکانی ڕؤژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی سەر خشتەی ڕێککەوتنەکەی ئێران و عێراق و هەرێم.
ئەمە له دۆخێکدایه که سەرەڕای ئەو کارانەی لایەنی عێراقی به مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنه ئەنجامیداوە ، ئێران ڕەخنەی هەیە له بارەی جێبەجێنەکردنی تەواوەتی ئەم ڕێککەوتنه ؛ ڕەخنەکان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش کراون.


شەڕی کاریگەر لە دژی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرانەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارتەکانی ڕؤژەهڵاتی کوردستان، یەکێکە لە داواکارییە هەرە گرنگەکانی ئێران کە پێدەچێت یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی وتووێژەکانی بارزانی بێت لە تاران.
تاران چەندین جار هۆشداریی بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوە لەو بارەیەوە و هەروەها هەنگاوی سەربازی ڕاستەوخۆی لەم ناوچەیەدا گرتووەتەبەر. ئەمە لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە دژی پارتەاکنی ڕۆژهەڵات گیراونەتەبەر، بەڵام هێشتا زۆر دوورن لە گەیشتن بە خاڵی خوازراوی ئێران.

بانگەشەی بارەگاکانی موساد
بانگەشەی بوونی بارەگاکانی موساد لە هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکەیە لەو بابەتانەی کە میدیای ئێران پییوایە لە سەردانەکەی بارزانی بۆ تاراندا باس دەکرێن.

پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری-بازرگانی
لەم ساڵانەی دواییدا تاران و هەولێر هەمیشە ئیرادەی پەرەپێدانی هاوکاری ئابوورییان هەبووە. ڕێبازێک کە لە چەند مانگی ڕابردوودا دوای سەرهەڵدانی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە. لە دۆخێکی وادا پێدەچێت نەرمکردنی هاوکارییە ئابووری-بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق یەکێک لە میحوەرە هەرە گرنگەکانی گفتوگۆی بارزانی لە تاران بێت. بەگوێرەی هەندێک ئاماری بەردەست، قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان پێش سەرهەڵدانی گرژییەکانی ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و هیوای ئەوە هەیە کە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران بەستێنێکی گونجاو دابین بکات بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەم ئاڵوگۆڕانە.

یارمەتیدانی ئێران بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی
هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی بووەتەوە، بە تایبەت لە بواری ئەنجامدانی هەڵبژاردن. لە هەلومەرجێکی وادا، هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە کە لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، ئەم بابەتە لەلایەن بارزانییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. هەندێک کەس پێیان وایە بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانی ئێستای ئێران و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، وەک یەکێک لە دوو ڕەوتی سەرەکیی ئەم ناوچەیە، کۆماری ئیسلامی دەتوانێت چارەسەری قەیرانی سیاسی ئێستای ناوچەی کوردستان بێت.


#باشووری کوردستان
#ئێران
#پارتی دیموکراتی کوردستان
#نێچیرڤان بارزانی