کوردستان

وتەبێژی کۆمەڵ: دەترسین خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەر نەبینین

05/05/2024
wtabezhi komal

دەنگوباس

محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەری بۆ لای سەرۆکی کۆمەڵ ناردبوو، بەڵام ئێمە جەختمان لەسەر هەڵوێستی خۆمان کردەوە کە ئێمە دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانین.

ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوابخرێت، مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، چونکە دەسەڵاتەکانی تر حکومەت، سەرۆکایەتی هەرێم دەسەڵات لە پەرلەمانەوە وەردەگرن، پەرلەمان ئێستا دامەزراوەیەکە تووشی شەلەل بووە ئێستا کە هەوڵ بۆ ڕێکخستنەوەی دەکرێت، بەڵام گومان لەسەر ئەوە هەیە کە ئایا پەرلەمان هەر ئەنجامدەدرێت یاخود نا، لە ڕاستیدا دەترسین خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نەبینین.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لایەنانەی کە دەسەڵاتیان هەیە دەیانەوێت پەرلەمان بە دڵی ئەوان بێت، چونکە دوو هێزی دەسەڵاتدار لە هەرێم حوکمڕانی دەکەن، پارتی دەیەوێت هەڵبژاردن دوابخات، بەڵام دیار نییە کە تەنها نییەتی تەنها دواخستنە یاخود دەیەوێت دەستکاری بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بکات.

وتیشی، لەبەرامبەردا یەکێتی دواخستنی هەڵبژاردن لە زەرەری خۆی دەزانێت و هەوڵی ڕێگریکردن دەدات، بەڵام لەم نێوەندەدا “پەرلەمان” دەبێتە قوربانی، بە بۆچوونی خۆم بە ئەستەمی دەزانم ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.


#باشووری کوردستان
#هەڵبژاردنی کوردستان