رۆژهەڵاتی ناوەراست

دادگای ئەنقەرە بڕیاری بێتاوانی بۆ دەمیرتاش دەرکرد

04/05/2024
salahadin demirtash

دەنگوباس

دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنقەرە، بڕیاری بێتاوانی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش دەرکرد کە بە تۆمەتی هێرشکردنەسەر داواکاری گشتی سزا درابوو.

فەرمانگەی سزای 22 ەمین دادگای ئەنقەرە، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی هەڵوەشاندەوە کە لەلایەن 25 ەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاشدا سەپێندرابوو.

سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕۆژی حەوتی کانوونی دووەمی 2020، لە چوارچێوەی پرۆسەی دادگاییکردنی لە 19 ەیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە، ڕەخنەی لە یوکسەل کۆجامان، سەرۆکی ئەو کاتەی داواکاری گشتیی ئەنقەرە گرت و وتی، داواکاری گشتی لەبەردەم دادگا لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، بەهۆی وتەکانییەوە بە "هێرشکردنەسەر کارمەندی گشتی" تۆمەتبار کرا و سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا.

بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوە، وتەکەی دەمیرتاش بەرامبەر داواکاری گشتیی ئەنقەرە، بەشێکە لە مافی بەرگری لەخۆکردن و ناچێتە چوارچێوەی تاوانکردنەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2016 لە چوارچێوەی دۆسیەی ڕووداوەكانی كۆبانێ و بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرا و تاوەکو ئێستا لە زیندانی ئەدیرنەیە.

لە 20ی تشرینی دووەمی 2018 دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی دەركرد، بەڵام توركیا رەتیکردەوە ئازادی بکات.


#تورکیا