دەنگوباس
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی گەورە بازرگانێکی
نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە
ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش،
بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
عیراق، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری وورد لەسەر
بوونی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، لە ٢٠٢٤/٥/٤ توانرا
تۆمەتبار (ئ، م، ح) دەستگیربکرێت، لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەستبەسەر بڕی سێ کیلۆ
گرام و نیو ماددەی هۆشبەر و چەندین پارچە چەکی تۆمەتباردا گیرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بازرگانە لە سنوورەکانی نێوان وڵاتانی عێراق و
سوریا کاری بازرگانی ماددەی هۆشبەری کردووە و لە هەفتەی ڕابردوودا پاش ئەوەی بڕێکی
زۆر ماددەی هۆشبەر دەنێرێت بۆ شاری بەغدا دەستیبەسەردا دەگیرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبار لە ڕابردوودا چەندین جار لەهەوڵی
دەستگیرکردنیدا بە چەک ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و هەڵهاتووە، ئێستا بە
بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە ماددەی ٢٥ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە
هۆشبەرەکان دەستگیرکراوە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە.
#باشووری کوردستان