دەنگوباس
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت، ڕایگەیاند کە باشترین ڕێگای بۆ کوردە فەیلییەکان بۆئەوەی بگەن بە مافەکانیان، ئەوەیە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، موحسین مەندەلاوی لە کۆنفرانسی توانایی و لێھاتووییەکانی کوردانی فەیلی کە لەژێر دروشمی "کوردی فەیلی توانا و بنەمایە بۆ دروستکردنی داھاتوو، لە بەغدا سازکراوە، ئاماژەی بە قوربانیدانی کوردانی فەیلی کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەری و ستەمکاریی ڕژێمی دیکتاتۆریدا.
موحسین مەندەلاوی وتوویەتی، لە دوای ئازادکردنی عێراق، قوربانیدانی کوردانی فەیلی بەردەوام بوو، چونکە ھەڵوێستی بوێرانەیان لە دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان گرتەبەر و فەتوای جیھادیان جێبەجێ کرد کە لەلایەن مەرجەعی باڵاوە دەرکرا.
مەندەلاوی جەختی لەوەشکردووەتەوە، کە پاڵپشتی لە پرسی فەڵەستین دەکەن لە بەرامبەر ھێرشە تاوانکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت، باسی لەوەشکردووە کە تەنھا دیموکراسی بەس نییە بۆ سەرکەوتن لە بنیاتنانی بناغەی باش بۆ دەوڵەت، بەڵکو ئەو کارە پێویستی بە ئەزموون و پلاندانانی زانستی ھەیە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، موحسین مەندەلاوی ئاماژەی بەوەشداوە کە باشترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە مافەکانی فەیلییەکان و گواستنەوەیان بۆ قۆناغێکی کردەیی، ئەوەیە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە وەکالەت لە بەشێکی قسەکانیدا داوای کردووە کە لیژنەیەک پێکبھێندرێت بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، کە (تاوانی ئاوارەبوون بە تاوانی جینۆساید ناساندووە)، پێکبھێندرێت، ھەروەھا دۆسیەیەکی تایبەت بە بەڵگەنامەکردنی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر کوردانی فەیلی ئەنجامدراوە ئامادە بکرێت و دواتر پێشکەش بە ڕای گشتی لە عێراق و نێودەوڵەتی بکرێت.
موحسین مەندەلاوی داوای لە حکوومەت کردووە کە پارچە زەوییەک لە بەغدا تەرخان بکات بۆ دامەزراندنی مۆزەخانەیەکی تایبەت سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بەرامبەر بە کوردی فەیلی ئەنجامدراون و داواشی کردووە کە ساڵانە کۆنفرانسێک بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی کوردانی فەیلی ساز بکرێت.
#عێراق