دەنگوباس
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەگەیشتوینەتە ڕێككەوتن لەبارەی ڕادەستكردنی ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەکرد، ڕێككەوتنێكی پێشووتر هەیە بۆ ڕادەستكردنی ئەو بڕە دیاریكراوە نەوتەی لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا هاتووە، ئەو كۆمپانیایانەی كە لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم كاردەكەن، ڕۆژانە 375 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن، 46 هەزار بەرمیلی دەچێت بۆ كارپێكردنی هەندێك لە پاڵاوتگەكان.
باسی لەوەکرد، دەبوو 329 هەزار بەرمیلیشی ڕادەستی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكرایە، كە كۆمپانیای ڕێگەپێدراوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی عێراق، ڕێككەوتنیش هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە ڕادەستكردنی ئەو بڕە، هەندێك جیاوازی هەیە لەگەڵ هەرێم, پەیوەندی بەو گرێبەستانەوە هەیە كە لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان ئیمزا كراوە، پێویستی بە پڕۆسەی پێداچوونەوە و گونجاندنیەتی لەگەڵ دەستووری عێراقی.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانە گرێبەستی هاوبەشین، ئێمە ناتوانین گرێبەستی هاوبەشیی پەسندبكەین، دوو لیژنە پێكهێنراوە، لیژنەیەكی هونەری و لیژنەیەكی یاسایی, لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە لەگەڵ هەردوو لیژنەكە كۆدەبینەوە.
وتیشی، نوێنەری حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی تیادایە و نیەتی گەیشتن بە ڕێككەوتن و چارەسەركردنی ئەو پرسە هەیە بۆ ڕادەستكردنی نەوتی عێراق و هەناردەكردنی.
ڕاشیگەیاند، ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم كردووە، بە نرخێكی جیاواز لە نرخی وەزارەتی نەوت ئەنجامیانداوە لە كێڵگە هاوشێوەكان, یەكێك لەو پرسانەی لە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوو باسی دەكەین, ئەم پرسە دەبێت.
باسی لەوەشکرد، ڕێككەوتنمان هەیە بۆ ڕادەستكردنی (100) ملیۆن پێ سێجا غاز لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر, بۆ بەهێزكردنی تۆڕی كارەبای نیشتمانی, بەگوێرەی زانیارییەكانی بەردەستمان, ئێستا دەستكراوەتەوە بە بەگەڕخستنەوەی ئەو كێڵگەیەو دەستپێكردنەوەی كارەكانی.
#عێراق
#نەوت