دەنگوباس
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەبارەی وادەی بەڕێکەوتنی حاجییان ڕایگەیاند، ڕۆژی 18ـی ئەم مانگە، یەکەم کاروانی حاجییانی ئەمساڵ بەرەو وڵاتی سعودیە بەڕێدەكەون و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم دەڵێت، "ڕۆژی 28ی ئەم مانگە یەكەم كاروانی حاجییان بۆ حەج بەڕێدەكەون".
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی 14ـی ئەم مانگە، شاندی تایبەتی دەستەی حەج و عومرەی عێراق بەرەو شاری مەدینە بەڕێدەکەون بۆ ئامادەکارییەکانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ و دواتریش لە (18ـی ئایاری 2024) یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق بەرەو فڕۆکەخانەی مەدینە گەشت دەکەن و لە (30ـی ئایاری 2024)ـیش گەشتی حاجییان بۆ فڕۆکەخانەی جددە دەستپێدەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکدا ئەوەش هاتووە، ئێستا هەفتانە (6 بۆ 10) گەشتی ئاسمانی لە نێوان عێراق و سعودیە هەیە و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانیشەوە هەموو ڕۆژانی (شەممە، سێ شەممە و پێنج شەممە) گەشتی ئاسمانی لە نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و دەمام دەستپێدەکات و لە بەرنامەشدایە، لە داهاتوودا گەشتی نێوان بەغدا و ڕیاز، دەستپێبکات.
لای خۆشیەوە، کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی 28ی ئەم مانگە یەكەم كاروانی حاجییانی هەرێم، كە ژمارەیان هەزار و 500 كەسە، لە ڕێگەی وشكانییەوە بەرەو سعودییە بەڕێدەكەوێت و ڕۆژی 29ی ئەم مانگەش یەكەم كاروانی حاجییان، كە ژمارەیان سێ هەزار و 185 كەسە لەڕێگەی ئاسمانییەوە دەچنە سعودیە.
ڕاشیگەیاند، وابڕیارە تا 5ی 6ی 2024 هەموو حاجییانی هەرێم بگەنە ئەو وڵاتە بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ.
#عێراق