کوردستان

مەسرور بارزانی بۆ بە بانکی کردنی مووچە نووسراوێک ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات

03/05/2024
sudani w masrour

دەنگوباس

دوابەدوای ڕێككەوتنی هەرێم و عێراق بۆ بەشداری كردنی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) لە پڕۆسەی بە بانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەو بانكە داوا لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەكات لە ڕۆژی یەكشەممەوە دەست بە بانکی کردنی مووچە دەكات.

بانكی (TBI)ی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، داوادەکەین وەزارەتی دارایی هه‌رێم سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان ئاگادار بکاتەوە لە ڕۆژی یەکشەممەوە لە ڕێگای بانكەكەیانەوە دەتوانن دەست بە بەبانکی کردنی مووچەکانیان بکەن.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا بۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاندووە، ئاگادارتان دەكەمەوە لە رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بانكی بازرگانی عێراق (TBI) لە پرۆسەی بە بانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەو پێیەی ئەو بانكە، بانكێكی حكومی فیدڕاڵییە.

ئەو نووسراوە هاوپێچی نووسراوێكی تری وەزارەتی دارایی هەرێمە، كە ئاراستەی بانكی بازرگانی عێراقی كردووە و ڕەزامەندی دەربڕیوە بێتە ناو (هەژماری من)ەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دوو بڕیاری زۆر باش دراون، كە یەكێكیان ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە داهاتە نانەوتییەكان بەپێی ڕێكارە یاساییەكان بنێرێت بۆ بەغدا، دووەمیشیان ئەوەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی تێدایە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگای بانكی (TBI) بە بانکی بكرێت.

 


#باشووری_کوردستان
#عێراق