دەنگوباس
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لە وەڵامی ڕاگەیەندراوێکی فراکسیۆنەکانى
یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ لە پەرلەمانى عێراق لە دژی هەوڵەکانی
دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
فراکسیۆنەکانى یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێکی
هاوبەشدا بە توندى هەموو هەوڵێکیان بۆ دواخستنى هەڵبژاردن ڕەتکردەوە، ئاماژەیان
بەوەکرد، سێجار لەسەر خواستى پارتێکى سیاسی و وەک تەحەدایەکى تەواوەتى یاسا و
دەستوور و مەرسوومەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى و
بڕیارەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان، وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان
دواخراوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بە سەرسوڕمانێکی زۆرەوە بەیاننامەیەک لەلایەن چەند فراکسیونێک لە پەرلەمانی
عێراقەوە دەرچووە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێمە لە پارتی دیموکراتی
کوردستان جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە :
١- پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم هێزی سیاسی کوردستان بوو لە ڕێگای جەنابی
مەسعود بارزانی و لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری باسی لەوەکرد کە
دەبێت شەرعییەتی شۆڕشگێری بگوازینەوە بۆ شەرعییەتی دەستووری و دیموکراسی لە ڕێگای
هەڵبژاردنەوە .
٢- لە ساڵی ١٩٩٢ تا دواین هەڵبژاردن، پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەم
بووە و هیچ کات ترسی هەڵبژاردنی نەبووە، چونکە پشت ئەستورە بە ئەندام و لایەنگران
و دۆستانی پارتیمان و نیشتیمانپەروەرانی کوردستان.
٣- پارتی ماوەی دوو ساڵە داوا دەکات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن و
بەتایبەت ئەوانەی ئیستا بەیاننامە دەنووسن خۆیان باش دەزانن کام لایەن بوو ڕێگربوو
لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەوەش دەزانن کە کام لایەنی سیاسی بوو دەیگووت ئەگەر
هەڵبژاردنیش بکرێت ناهێڵین سندوقەکانی دەنگدان لە دێگەڵە بەولاوە دابنرێت و
ناهێڵین لە سنوری سلێمانی هەلبژاردن بکرێت.
٤- پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و لەگەڵیشی دەبێت بە
مەرجێک ئیرادەی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت و دوور بێت لە داڕشتنی پێش وەختە و
ئەو تێبینی و سەرنجانەی پارتی تێبینی نەتەوەیەکن و پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی شەفاف
و دوور لەدەست وەردانە.
٥- پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنێک بکرێت مافی سەرجەم
پێکهاتەکان پارێزراو بێت و ناکرێت پێکهاتەکان لە تورکمان، کلد و ئاشوری لە
پەرلەمانی عێراق نوێنەریان هەبێت و لە پەرلەمانی کوردستان بێبەش بکرێن .
لەکۆتاییدا داوا دەکەین هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجام بدرێت و سەرجەم
پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن، داواش دەکەین تیمی یونامی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و
چاودێرانی نێودەوڵەتی چاکتر و فراوانتر چاودێری پڕۆسەکە بکەن و پارتی جەخت لەوە
دەکاتەوە، زەمینەسازی بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف و تەواوی لایەنە
سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان بەشداری تێدا بکەن و دووربێت لە سەپاندنی
ئیرادە و ئەنجام و دابەش کاری پێش وەخت .
#باشووری کوردستان
#هەڵبژاردنی کوردستان
#پارتی دیموکراتی کوردستان