کوردستان

وتەبێژی کۆمسیۆن ڕەتیدەکاتەوە کارەکانی کۆمسیۆن ڕاگیرابێت

01/05/2024
jumana ghalay

دەنگوباس

دەنگۆی ڕاگرتنی کارەکانی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردن بڵاوکرایەوە، بەڵام وتەبێژی کۆمسیۆن ڕەتیدەکاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، میدیای پارتی بڵاویکردەوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کارەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرتووە، وەک ئاماژەیەک بۆ دواخستنی هەڵبژادنەکە کە بڕیارە 10ی حوزەیران بەڕێوەبچێت.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیەش، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆن ڕایگەیاند، دەنگۆی ڕاگرتنی كارەكانی كۆمسیۆن تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناڕاستە، كۆمسیۆن بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن.

وتیشی، نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە هەرێمی كوردستان بەردەوامن لە كارەكانیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ میدیای پارتی بڵاویکردەوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرت و دەنگدانەکەش بۆ مانگی 10 دوادەخرێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆمسیۆن ئۆفیسەکانی لە هەولێر، سلێمان و دهۆک ئاگادارکردووەتەوە کە کارەکانیان ڕابگرن.

هاوکات تا ئێستا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هیچ ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی دواخستنی هەڵبژاردن بڵاونەکردووتەوە.


#باشووری کوردستان
#هەڵبژاردنی کوردستان