کوردستان

وەزیری پەروەردە: لیستی مامۆستایانی وانەبێژم گەیاندە بەغدا

30/04/2024
wziri parwarda u sudani

دەنگوباس

ئەمرۆ سێشەممە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند، سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقم کرد، بە ئامادەبوونی ئیبراهیم نامس جبوری، وەزیری پەروەردەی حکومەتی عێراق و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەسەرچەند پرسێکی گرنگی پەروەردەیی گفتوگۆمان کرد.

ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا نووسراوی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژم پێگەیاند، سەبارەت بە تەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوە پێویستەکانمان ئەنجامداوە، چاوەڕوانی دەرئەنجام و وەڵامی فەرمی حکومەتی عێراق دەکەین.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان کردەوە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە ڕێککەوتنی عێراق - چین کە هەرێمی کوردستان تا ئێستا پشکی خۆی لە دروستکردنی ئەو قوتابخانانە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرلەنوێ نوسراوێکی دیکەمان پێشکەشکردن بە مەبەستی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی پەروەردەیی نوێ .

باسی لەوەشکرد، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی خوێندنی قوتابخانەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن تیایاندا، لەوبارەیەوە هاریکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستانمان نیشاندا بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندنی قوتابیانی ئەو قوتابخانانە.


#باشووری کوردستان
#عێراق