دەنگوباس
پاش هێرشەکەی شەوی ٢٧ی نیسان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بڕیارە ئەمشەو بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە دەستپێبکاتەوە.
کۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند، لەگەڵ ھاوبەشەکانیان دەستیان بە ڕێکارەکان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، دوای ئەوەی عێراق و ھەرێم ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ پارێزگاری لە کێڵگەکە گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی کارمەندەکان و دامەزراوەکان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی ھەینی ڕێکەوتی ٢٧ی نیسان، بە دوو درۆن ھێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ و بەھۆیەوە چوار کارمەندی دانەغاز گیانیان لە دەست دا و ھەشتی دیکەش برینداربوون و بەرھەمھێنانی غاز لە کێڵگەکە ڕاگیرا، بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، ئەو شوێنەی لە کێڵگەکە کرایە ئامانج هەمان ئەو شوێنەیە کە لە سەرەتای ئەم ساڵدا هێرشی کرایەسەر و دەرەوەی کەمپەکەیە و شوێنەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بووە.
#باشووری کوردستان