کوردستان

نەرمین مەعروف: کێشەی تەکنیکی هۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە

29/04/2024
narmin marouf

دەنگوباس

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ھەرێم کێشەی تەکنیکیە، پێدەچێت تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە بەغدا پارەکە ڕەوانەی ھەرێم بکات.

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، بەھۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی ھەبووە لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆران، بۆیە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانی کردووەتەوە، جارێکی دیکە وەزارەتی دارایی پێداچوونەوەی بە لیستەکەدا کردووە و کەموکورتییەکانی چارەسەرکردووە و ناردوویەتییەوە بۆ بەغدا، بۆیە وردبینی لیستی مووچە دواکەتووە.

ئاماژەی بەوەکرد، پێدەچێت تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی ھەرێم بخاتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کرد و بڕیاربوو پێش کۆتایی ئەم مانگە مووچەی مانگی نیسان دابەشبکرێت.


#باشووری_کوردستان