کوردستان

لاهور شێخ جەنگی لە هەولێرەوە لەگەڵ شێخ جەعفەر دەرکەوت

29/04/2024
lahour shex jangi

دەنگوباس

لاهور شێخ جەنگی لە هەولێرەوە لەگەڵ شێخ جەعفەر دەرکەوت و دەشڵێت "یەکێتی و پارتی خەڵکیان نائومێد کرد".

دوێنێ لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی "بەرەی گەل" لە کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر بەشداری "ڕۆژی شای هۆڵەندا"ی کرد، ئەوەی جێی سەرنج بوو، لاهور شێخ جەنگی لە پاڵ شێخ جەعفەرەوە دەرکەوت و قسەیان دەکرد، هەرچەندە یەکێک بوو لەو سەرکردانەی یەکێتی کە لە ڕووداوەکانی 8ی تەموزدا پشتیوانییان لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی ئێستای یەکێتی دەکرد. 

بە پێی دیمەنێکی ڤیدیۆیی کە نووسینگەی ڕاگەیاندنەکەی بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەو دیدارە لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ ژمارەیەک لایەنگری ڕەوتەکەی لە هەولێر کۆبووەتەوە و تێیدا ڕووداوەکانی 8ی تەموز بەبیردەهێنێتەوە و دەڵێت: "پارتی و یەکێتی گەلەکۆمەکیان لە من کرد و وتیان با ئەمە لەناوبەرین، لە کاتێکدا قسەکردن و دەنگ بەرزکردنەوەم بۆ ئەوە بوو نەگەینە ئەمڕۆژە".

ئەوەش دەخاتەڕوو کە لەو کاتەشدا نەچووە دەستی دەرەکی ڕابکێشێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکە، چونکە ئەو کاتە "بەرژەوەندی ئەو وڵاتە دەکەوێتە پێش بەرژەوەندی میللەتەکەمانەوە".

لاهور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاند،" یەکێتی و پارتی بە پلەی یەکەم بەرپرسیارن لەوەی ئێستا بەسەر ئەم میللەتەدا هاتووە و بێ منەتیشم لە یەکێتی و پارتی و ناتوانن بچوکترین ناڕێکی لە من بدۆزنەوە و تاکەسیاسیم لە هەرێمی کوردستاندا کە خۆم و براکانم بردووەتە بەر دادگا".

لاهور شێخ جەنگی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە لایەنگرانی ڕەوتەکەی لە هەولێر دەڵێت: "خۆم لێرە و لە بادینان لەگەڵتان دەبم و پێشتان دەکەوم"، دەشڵێت:" ڕووم لە ئایندەیە و ڕابردووشم کردووە بە وانەیەک".

ڕاشیگەیاند، تاکە چەک کە بەدەستی ئێمەیە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، یەکێتی و پارتیش ئەو چەکەیان نییە.


#باشووری_کوردستان
#بەرەی گەل