کوردستان

داواى هەڵوەشاندنەوەى پڕۆسەى خوێندنی باڵاى ئەمساڵ دەکرێت

29/04/2024
xwendni bala

دەنگوباس

دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، ڕەخنە لە سیستمى وەرگرتنى خوێندکارانى دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە وەرزى خوێندنى 2023 بۆ 2024 دەگرێت و داواى هەڵوەشاندنەوەى دەکات.

دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی بە ژمارە 121، لە 16ى نیسان سەبارەت بە پرۆسەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی (دبلۆمی باڵا، ماستەر  و دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی 2023 بۆ 2024 ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر  و دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی 2023 بۆ 2024.

دەستەکە داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە، پۆلێنکارى بۆ ئەو خوازیارانەی خوێندنی باڵا بکات کە بەگوێرەى رێسا کارپێکراوەکان وەرگیراون وەکو گرووپی یەکەم بەردەوامبن لە خوێندن و گرووپی دووەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی وەرگیرانەکانیان بدرێت.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نەیتوانی ئەم بڕیارە جێبەجێبکات، ئەوا سەرجەم پرۆسەی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی 2023 بۆ 2024 هەڵبوەشێنێتەوە و دووبارە دەرفەت بە پێشکەشکردن بدرێت.

لە وەرزى خوێندنى 2023 بۆ 2024، 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان بۆ حەوت هەزار و 614 کورسی پێشکەشکردبوو، زیاتر لە شەش هەزاریان وەرگیران، بەپێی پڕۆسەى خاڵبەندى و ڕێکخستنی پێشبرکێی وەرگرتن لەنێوان پێشکەشکاران، تاوەکو بنەماکانی شەفافیەت و دادپەروەری و ھەلی یەکسان بەتەواوەتى بەرجەستە بێت.

ئێستاش دەستەی دەستپاكی هەرێم لەوبارەیەوە دەڵێت، پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دبلۆم، ماستەر، دكتۆرا) بۆ ساڵی (2023- 2024) دەستپاكی زانستی ئەكادیمی خۆی لەدەستداوە و پێویستە "بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی وەرگیراوان بدرێت".

 

 


#باشووری_کوردستان