دەنگوباس
دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، ڕۆژی 30ی نیسانی 2024، لەبارەى دوو سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدڕاڵی، ڕۆژی سێشەممە دادگاکە لەسەر پێنج سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە دوو لە سکاڵاکان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان.
سکاڵای یەکەم، لەلایەن جەبار سەنەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر محەمەد شیاع سودانی تۆمارکراوە و تایبەتە بە ناردنی سێ گوژمەی قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە نایاساییبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەساڵی 2023 بۆ ناردنی بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار کە بەسێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.
سکاڵای دووەم تایبەتە بەپرسی داخستنی کەمپی ئاوارەکان و نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، سکاڵاکە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی رافد ناسر عەبدولکەریم لە دژی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرى پەروەردە تۆمارکراوە.
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات، بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان کە بڕیارە تاوەکو 1ی حوزەیرانی 2024 سەرجەم کەمپەکان دابخرێن، لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
#باشووری کوردستان
#عێراق