دەنگوباس
وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم بانکە پسپۆڕیەکانی سەر بەوەزارەتی دارایی کۆبووەوە و ڕایگەیاند، "کاری باشمان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی بانکەکان کردووە".
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم بانکە پسپۆڕیەکانی سەر بەوەزارەتی دارایی کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە سەر ڕێکخستنەوە و بەرەو پێشبردنی کاری بانکە پسپۆڕیەکان کرا، وەزیری دارایی داوای کرد کارئاسانی تەواو بۆ مامەڵەی ئەو هاووڵاتییانە بکەن کە قەرز و پێشینەیان وەرگرتووە، پلان و پێشنیاری خۆیان لەو بارەیەوە بۆ وەزارەت بەرز بکەنەوە.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا ئاواتی شێخ جەناب ڕوونیکردەوە، سەرەڕای قەیران و کێشەکان لەم کابینەیە توانیویانە کاری باش بۆ بەرەو پێشبردنی ژێرخانی بانکەکان بکەن، لە داهاتووشدا بە پلان و بەرنامەی گونجاو کارەکانیان باشتر ڕێک دەخەنەوە.
#باشووری_کوردستان