کوردستان

مەسرور بارزانی: ئامادەین لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بکەین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت

26/04/2024
masrour barzani

دەنگوباس

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر ڕایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم، سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سڤیلە دەکەم کە گیانیان لەدەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی تەندروستیم ڕاسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات، داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەم کە بە شێوەیەکی جیددی لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکات و دڵنیایی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات، بەپێی زانیاریی سەرەتایی، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەکی نزیک لەناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوانی ڕێکاری خێرا دەکەین لە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات ئەم جۆرە هێرشانە ببنە مایەی هەڕەشە بۆ ئێمە، دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارییە نایاساییانە بکات کە زیان بە هەموومان دەگەیەنن.

وتیشی، هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی وزە کە کارەبا دەدەنە ملیۆنان ماڵ لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، هەروەها هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ پەرەپێدانی سێکتەری وزە تێکدەدات، ئەم هێرشانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و بە تاوانی جەنگ دادەنرێن، ئامادەین لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بکەین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.




#باشووری کوردستان