دەنگوباس
مەسعود بارزانی لەگەڵ قەداسەتی پاتریاكی كەنیسەی
ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز) کۆبووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی
کوردستان پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاك مارئاوای سێیەم پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی
ئاشووری لە جیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز)ی كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لەدیدارەكەدا
پاتریاك مارئاوای سێیەم پێزانینی بۆ ڕۆڵی مەسعود بارزانی هەبوو لە پاڵپشتیكردنی
پێكهاتە ئایینیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها سوپاسی مەسعود بارزانی كرد
بۆ كردنەوەی بارەگای سەرەکیی پاتریاك لە شاری هەولێر، كە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ
پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە پێكەوەژیانی ئایینی. هەروەها سوپاسی پارتی كرد بۆ
ئەو هەڵوێستەی لەسەر بڕیاری نادەستووریی دادگەی فیدڕاڵ بۆ نەهێشتنی كۆتایی
پێكهاتەكان و ڕایگەیاند، هەڵوێستی مەسعود بارزانی نیشانەیە بۆ تێڕوانینێكی مرۆڤدۆستانە
و پەرۆشی و وەفایە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەر لەو دیدارەدا
مەسعود بارزانی بوونی فەرهەنگی پێكەوەژیان لە كوردستانی وەك شانازییەكی گەورە وەسف
كرد، جەختیشی لەوە كردەوە كە بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لەو فەرهەنگە دەكەین و
دەوڵەمەندتری دەكەین.
باس لەوەشکراوە، کە مەسعود بارزانی ئاماژەی بە بڕیاری
نادەستووریی نەهێشتنی كۆتاكان دا و دووپاتی لەوە کردەوە بە بێ ڕاستكردنەوەی ئەو
هەڵەیە و بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نین، بەشداریی هەڵبژاردن بكەین، چونكە
بێبەشكردنی پێكهاتەكان لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلەكەمان.
#باشووری_کوردستان
#مەسعود بارزانی
#پارتی دیموکراتی کوردستان