دەنگوباس
شارەزایەکی ئابووری عێراقی باس لەوەدەکات کە، تورکیا لە بە قاچاغ بردنە
دەرەوەی نەوتی هەرێم سوودمەندە، بەرمیلێك نەوتی قاچاغ لە هەرێم بە (30) دۆلار
دەكڕێت.
نەبیل مەرسومی، مامۆستای زانكۆ و شارەزایی ئابوری عێراقی، لە نووسینێكدا
باس لەوە دەکات کە ئەردۆغان لەسەردانەكەیدا بۆ عێراق گرنگی بەپرسی هەناردەكرنەوەی
نەوتی هەرێم نەداوە، ئەوەش بۆ شەش هۆکار دەگەڕێنێتەوە.
بەم شێوەیە هۆکارەکان ڕووندەکاتەوە:
یەكەم: ئێستا كوردستان ڕۆژانە (295) هەزار
بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، كە (65%) تێكڕای بەرهەمهێنانی پێش بڕیارەكەی دادگای
نێودەوڵەتییە، (220) هەزار بەرمیلی بە قاچاغ دەبرێت بۆ توركیا و ئێران، بە نرخێكی
هەرزان دەفرۆشرێت، كە نزیكەی (30) دۆلارە، بەوەش توركیا زۆر سودمەندە لەو دۆخەی
ئێستا.
دووەم: ئەو نەوتەی ئێستا لە كوردستانەوە بە
قاچاغدەبرێت داهاتەكەی ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی ناكرێتەوە، بەڵكو هەردوو حزبەكە
دەسەڵاتدارەكەی هەرێم دەستی بەسەردا دەگرن، ئەو دۆخەی ئێستاش لەبەرژەوەندی حكومەتی
هەرێمە، بە تایبەت كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەدرێت، لەكاتێكدا
بەغداد هیچ داهاتێكی نەوتێكی بەدەست نەگەیشتووە.
سێیەم: بەغدا ئێستا گوێ بەدەستپێكردنەوەی
هەناردەی نەوتی كوردستان نادات، لە ڕێی بەندەری جەیهانی توركیاوە، بەتایبەت كە
عێراق خەریكە چاككردنەوەی بۆری شكاوی نێوان عێراق توركیا تەواو دەكات، كە لە كەركووكەوە
دەستپێدەكات و دەچێتە باشوور بۆ بێچی لە سەڵاحەدین دواتر بەرەو باكوور و سنووری
توركیا، دەكرێت نەوتی كەركووكی لێوە هەناردە بكرێت بۆ توركیا، بەبێ بەكارهێنانی
هێڵی بۆری كوردستان.
چوارەم: نەوتی بە قاچاغبراوی هەرێمی
كوردستان، ناچێتە چوارچێوەی پشكی بەرهەمهێنانی عێراقەوە. سەرەڕای ئەوەی بە
پێشێلكاریەكی ئاماژە بۆ دراو دانراوە، لەلایەن سەرچاوە لاوەكیەكانی ئۆپێكەوە.
پێنجەم: سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی هەناردەی
نەوتی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی، مانای بە كرداری كەمكردنەوەی پشكی بەرهەمهێنانی
عێراق بە ڕێژەی (400)هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ئەوەش مانای كەمكردنەوەی پشكی نەوتی
عێراق بۆ كەمتر لە (3) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، كە كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر
داهاتی نەوتی عێراق و بەرزكردنەوەی زیاتر ئاستی كورتهێنان لە بودجە، كە لە بنەمادا
كورتهێنانێكی زۆری هەیە.
شەشەم: سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوتی
كوردستان پێویستی بە زیادكردنی تەرخانكراوە دراییەكانە بۆ هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی
زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری ساڵانە، بۆ پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و رسوماتی
تێپەڕین، كە ئەوەش جارێكی تر كورتهێنانی بودجە زیاتر دەكات.
#تورکیا
#عێراق
#نەوت