دەنگوباس
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، ڕەنگە بۆ مووچەی مانگەکانی
ئایار و حوزەیران کێشە بۆ مووچە دروست ببێت، حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی
"هەژماری من" و بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لە بانکە فیدڕاڵییەکانی
عێراق نەگەنە ڕێککەوتن.
فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دەنگی ئەمریکا
ڕایگەیاند، ناوەڕۆکی نووسراوەکەی وەزیری دارایی هەمان ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای
فیدراڵییە و بەشێکە لە بڕیاری دادگای فیدراڵی (تەیف سامی) لەخۆیەوە هیچ کارێک
ناکات و پابەندە بە یاسا، ئەگەر نا کارەکانی
دژبەری کردنی هەرێمی کوردستان نییە.
ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر بەزوترین کات شاندێكی باڵای هەرێم نەچێتە
بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، مووچەی مانگی نیسان بێ کێشە دەنێردرێت، بەڵام ئەگەری
هەیە گرفت بۆ مووچەی مانگی ٥ و ٦ دروست ببێت، بۆیە دەبێت زوو چارەسەر بکرێت، بیانوو
نەدرێتە دەستی بەغدا.
فازڵ نەبی ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان وا تێدەگات پڕۆسەی
بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران (تەوتین) کەمکردنەوەیە لە سەنگی حکومەتی هەرێمی
کوردستان، چونکە ڕاستەوخۆ مووچە لە بانکەکانی حکومەتی عێراقیەوە دەدرێتە
فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوکات حکومەتی هەرێم هیچ ڕۆڵێکی نامێنێت، بەبۆچوونی من
چارەسەری مامناوەند هەیە، دەبێت ئەمڕۆ و سبەی حکومەتی هەرێم جوڵەیە بکات و بیانوو
نەدەنە دەست بەغدا.
ئاشكراشی كردووە، بەغدا بۆیە "هەژماری من" ڕەتدەکاتەوە
چونکە متمانەیان بەو ژمارەیەی فەرمانبەران نیە و پێییان وایە هەندێکی بندیوارن،
دیارە بەغدا زانیاریان بۆ دەچێت و ئاگایان لە زانیارییەکانە، هەرێمیش بۆیە پێداگری
لەسەر "هەژماری من" دەکاتەوە بابەتەکە دەسەڵات و سەنگی هەرێمە، بۆیە بە
داخەوە بە بۆچونی من ئەم سیقەیە بە ئاسانی دروست نابێت، بۆیە بەزوترین کات پێویستە
حکومەتی هەرێم شاندێك بنێرێتە بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی بۆ هەرێم
کردووە، کە داهاتی نانەوتی و نەوت ڕادەستی بەغدا بکەنەوە، ئەمەش پەیوەندیدارە
بەبڕیاری دادگای فیدراڵی.
ڕوونیشی كردەوە، خاڵێکی بەهێز بۆ هەرێم لە بڕیارەکەی دادگا ئەوەیە، کە
نابێت هیچ گرفتێک ببێتە هۆی ڕاگرتنی موووچەی موچەخۆرانی هەرێم، حکومەتی هەرێم
دەتوانێت ئەوە بەکاربهێنێت، بەڵام بەبۆچوونی من داهاتی نانەوتیش ڕەنگە بەغدا
بیکاتە گرفت، بۆیە من دەڵێم دەبێت زوو بگەینە خۆمان تا ئەو کێشانە چارەسەر بکەین،
ئەگەر ئێمە وەک هەرێم سووربین لەسەر "هەژماری من" و بەغداش سوربن لەسەر بە
بانکیکردنی مووچە لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە بێگومان کێشە دروست دەکات.
#باشووری_کوردستان
#عێراق