دەنگوباس
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا باسیان لە ھەماھەنگی ئەمنی کردووە و لەسەر پرسی ئاو گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ھاوکاری نێوان تورکیا و عێراق لەبارەی ئاسایشەوە گرنگە و ڕێگە نادەن خاکی عێراق بۆ تێکدانی ئاسایشی ھیچ وڵاتێک بەکاربھێنرێت.
هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ عێراق ھەیە و ئەو ڕێککەوتننامانەی ئیمزاکراون خاڵی وەرچەرخان دەبێت لە نێوان عێراق و تورکیا.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی، عێراق یەکێکە لە ھاوبەشە بازرگانییە گرنگەکانمان، قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق ساڵانە گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار.
ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی سیاسی و ئەمنی و ئابووری گەیشتە بەغدا، بڕیارە سەردانی هەولێر بکات، لەو چوارچێوەیەدا لە دوێنێوە ئامادەکارییان بۆ پێشوازیکردن لە ئەردۆغان دەستیان پێکردووە و بەشێک لە شەقامەکان ئاڵای هەرێم و عێراق و تورکیا هەڵکراوە، دوێنێ شەویش قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکیا ڕازێندرایەوە.
#عێراق