دەنگوباس
سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت
لەبارەی ماددەی هۆشبەر ڕایگەیاند، ئەگەر هەوڵە بەردەوامەکانی ئێران نەبووایە،
ماددەی هۆشبەر لە تەواوی ئەوروپا بڵاودەبووەوە.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران پشتڕاستی کردەوە کە
وڵاتەکەی هەر لەسەرەتاوە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی جددی لەدژی بازرگانیکردن بە ماددە
هۆشبەرەکانەوە گرتووەتەبەر، بەڵام وڵاتانی دیکە بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، وەک
پێویست بەرپرسیارێتی خۆیان لەو بارەوە ئەنجامنەداوە.
ئیبراهیم ڕەئیسی ڕایگەیاند، پێویستە ئەم وڵاتانە بە بەرپرسیار
بزانرێت و بۆیان ڕوون بکرێتەوە کە ئەگەر شەڕی بێوچانی ئێران لە دژی ماددە هۆشبەرەکان
نەبوایە، ئەوا لە هەموو ئەوروپادا بڵاودەبووەوە.
لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان،
ڕەئیسی ستایشی هەوڵ و کاری سەرجەم بەشداربووانی ئەم لیژنەیەی کرد، هاوکات بەرەنگاربوونەوەی
ماددە هۆشبەرەکانی بە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی وڵات وەسف کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت دەستڕاگەیشتن و بەکارهێنانی
ماددەی هۆشبەر و ئالوودەبوون پێوەی ببێتە شتێکی باو و ئاسایی، لە کاتێکدا چەندین
لێکەوتەی مەترسیداری کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری هەیە.
جەختیشی لەوە کردەوە، پێویستە سەرکردایەتی دژە ماددە هۆشبەرەکان
پشت بەو ئەزموونانە ببەستێت کە لە ماوەی چوار دەیە لە بەرەنگاربوونەوەی هەمەلایەنەی
ئەم زیانە کۆمەڵایەتییە بەدەستی هێناوە، لە ڕێگەی دیدگایەکی کردارییەوە کار بکات بۆ
بەرەنگاربوونەوەی ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی جددی و بنەڕەتی و پرەنسیپی، و گەشەسەندنێکی
بەرچاو بە ئاراستەکاندا بدۆزێتەوە.
هاوکات لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بە ئامادەبوونی ئیبراهیم
ڕەئیسی پێنج بڕیار پەسەند
کرا بۆ بەهێزکردنی ڕێکارەکانی لیژنەی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرتر
کردنیان لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
#ئێران