کوردستان

سۆران عومەر: بەغدا داوای داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێم دەکات

21/04/2024
soran omar

دەنگوباس

لیستی مووچەی مانگی نیسان ڕەوانەی بەغدا کرا، ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراقیش ڕایگەیاند، بەغدا داواى داهاتى نەوتى و نانەوتى لە هەرێم دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سۆران عومەر، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاند، نووسراویان بۆ دادگاى فیدراڵى کردووە لە بارەى چارەنووسى مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵى 2023، کە مووچەخۆران وەریان نەگرتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامنەدراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەى بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵى عێراق، پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان داهاتى نەوتى و نانەوتى ڕادەستى حکومەتى فیدڕاڵى بکات، بە دڵنیاییەوە حکومەتى عێراق داواى داهاتى ناوخۆى لە هەرێمى کوردستان کردووە.

هاوکات بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم کە بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٤/٤/٢١، لیستی مووچەی مانگی نیسانی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کرا، بڕیارە دوای وردبینی کردنی لیستەکان، پارەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.

هاوکات هەر لە بارەی سێ مووچەکەی ساڵی ڕابردوو دوێنێ شەممە، موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەردانی جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵیمان کرد و پێی ڕاگەیاندین لە بابەتی یەکلایی کردنەوەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم لە تایبەتمەندی دادگای فیدڕاڵیی عێراقدا نییە.

لە وەڵامی ڕۆژانامەنووساندا سەبارەت بە سێ مووچەکە، دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێی ڕاگەیاندین کە بەغدا مووچەی مانگی (١٠،١١،١٢)ی مووچەخۆرانی ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم لەبری مووچەی مانگەکانی (٧،٨،٩) دابەشیکردووە.


#باشووری کوردستان