دەنگوباس
وتەبێژی وەزارەتی
ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێم وادەی بەڕێكەوتنی یەكەمین كاروانی حاجییانی هەرێمی
كوردستانی ڕاگەیاند، "چاوەڕواندەكرێت لە دوای 20ی ئایاری ئەمساڵەوە یەكەمین
كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان بۆ سعودیە بەڕێبكەون".
نەبەز ئیسماعیل،
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێم ڕایگەیاند، چاوەڕواندەكرێت لە
دوای 20 ئایاری ئەمساڵەوە یەكەمین كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان بەرەو سعودیە
بەڕێبكەون، كە مامەڵەكانیان تەواوكردووە و پارەیان لێوەرگیراوە و چاوەڕوانی دەستپێكردنی
گەشتەكانیان دەكەن و ژمارەیان 4685 حاجییە لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەكەون.
وتەبێژی وەزارەتی
ئەوقافی هەرێم جەختی لەوە كردەوە، ئەمساڵ هیچ حەجێكی بازرگانی نییە و ئەوەی هەیە تەنها
حەجی ئاساییە و سەر بە حكومەتی هەرێمە.
هاوکات وەزارەتی
حەج و عومرەی سعودییە چەند ڕێكارێكی بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ ڕاگەیاند، كە حاجیانی
ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەكە دەگرێتەوە و جەخت لە وەرگرتنی ڤاکسینی هەوکردنی پەردەی مێشک
و ئیفلیجی كراوەتەوە.
وەزارەتی حەج و
عومرەی سعودیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەو ڕێنماییانەی لەسەر حاجییانی
ناوخۆی سعودییە پێویستە بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی حەج لە ئەمساڵدا، لە ئەپڵیکەیشنی
(صحتی) دیاریکراوە و بریتین لە، وەرگرتنی ڤاکسینێکی کۆرۆنای پەرەپێدراو، ڤاکسیۆنی
ئەنفلۆنزا کە لە ئەمساڵدا وەرگیرابێت، ڤاکسینی هەوکردنی پەردەی مێشک، كە لە 5 ساڵی
ڕابردوودا وەریگرتبێت.
ئەوەشی خستەڕوو،
حاجییانی دەرەوەی سعودیە لەسەریان پێویستە ڤاکسینی هەوکردنی پەردەی مێشکیان وەرگرتبێت
بە مەرجێک ماوەی 10 ڕۆژ بەسەر وەرگرتنەکەیەدا ڕۆیشتبێت و ماوەی 5 ساڵ بەسەر وەرگرتنیدا
تێپەڕ نەبووبێت.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی
تەندروستی سعودیەش ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی نیازی ئەنجامدانی حەجییان هەیە و
تووشبووی ئەم نەخۆشیانەن ناتوانن ڕێوڕەسمەکە تەواوبکەن ئەوانیش بریتین لە نەخۆشییەکانی:
(وەستانی گورچیلە، وەستانی دڵ، نەخۆشییەکانی سی، هەوکردنی جگەر، نەخۆشییەکانی دەمار،
ئەوانەی زۆرپیرن و تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بوون).
#باشووری کوردستان