کوردستان

وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا کرا

21/04/2024
dinar

دەنگوباس

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، “لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا کرا”، هاوکات ئەمەش دەبێتە سێهەمین مووچە کە لەم مانگەدا دابەشبکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا کرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٤/٤/٢١، لیستی مووچەی مانگی نیسانی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کرا، بڕیارە دوای وردبینی کردنی لیستەکان، پارەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.

دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەبێتە سێهەمین مووچە کە مووچەخۆرانی هەرێم لەم مانگەدا وەریبگرن، لەکاتێکدا پاش ٥٧ ڕۆژ لە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەم، مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرەتای مانگی نیسان و بە تەنها لە ماوەی هەفتەیەکدا هەردوو مووچەی مانگی شوبات و ئازاریان وەرگرت.

هاوکات بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بۆ مووچەی هەرێم، حکومەتی عێراق پابەندکراوە بە ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێم مانگانە لە کاتی خۆیدا، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێم پێویستە سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات.


#باشووری کوردستان