کوردستان

كۆمسیۆن لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیارێكی نوێی دەركرد

21/04/2024
dangdan

دەنگوباس

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ژمارەی بنكە و ناوەندەكانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرد.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجومەنی كۆمسیاران ڕەزامەندی لەسەر ژمارەی بنكە و ناوەندەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی، بە جۆرێك ژمارەی بنكە و ناوەندەكانی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتیی جیاوازییان دەبێت و لە دەنگدانی گشتیدا زیاتر لە هەزار ناوەندی دەنگدان دەكرێنەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، بۆ دەنگدانی گشتی هەزار و 266 ناوەندی دەنگدان دەكرێنەوە، كە شەش هەزار و 298 بنكەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، هاوكات بۆ دەنگدانی تایبەتیش 161 ناوەندی دەنگدان دەكرێنەوە كە 746 بنكەی دەنگدان لەخۆدەگرێت و سەرجەمیان لەژێر چاودێریی كامێرادان.

ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە 800 هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتریی دەنگدانی عێراق تۆمارنەكردووە و مافی دەنگدانیان نییە.

لەبارەی ئاماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانەوە، وتەبێژی كۆمسیۆن ڕایگەیاند، بە كۆی گشتی لە هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 دەنگدەر هەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە دوو ملیۆن و 900 هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتریی تۆماركردووە و ئامادەن بەشداریی هەڵبژاردن بكەن.


#باشووری کوردستان