دەنگوباس
ئەمریکا بڕیاریدا
بە ڕەوانەکردنی هاوکاریکردنی ئەمنی بەهای 95 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل.
ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە پاڵپشتییەکی
بەرفراوان لەلایەن هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماریخوازەوە، بە بەهای 95 هاوکاری ئەمنی پێشکەش بە ئۆکرانیا، ئیسرائیل
و تایوان دەکات، وێڕای ناڕەزایەتی توندی بەشێک لە کۆمارییە
توندڕەوەکان.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیاری هاوکاری بە بەهای 61
ملیار دۆلار پەسەند کرد بۆ پاڵپشتیکردنی کیێڤ لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ڕووسیا.
هاوکات ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە ملیارەها دۆلار
هاوکاری سەربازی نوێی بۆ ئیسرائیل پەسەند کرد لە کاتێکدا شەڕی دژی حەماس بەردەوامە،
سەرەڕای نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەنووسی خەڵکی سڤیل لە غەززە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هاوکارییە ماددییەکی ئەمریکا بۆ
بەهێزکردنی قەڵغانی دژە مووشەکی ئیسرائیل بەکاردێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا
ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەردوو پارت دەنگیان دا بە دابینکردنی
هاوکاری ماددی بۆ ئیسرائیل و ئۆکرانیا.
بایدن داوای لە ئەنجومەنی پیران کرد، پەلە بکات لە ناردنی
نووسراوی هاوکارییەکان بۆئەوەی ئیمزای بکات، تاوەکو بە خێرای هاوکارییە مادییەکان
و چەک ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێت.
لە بەرامبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل،
پێیوابوو کە دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییە
نوێیەکان بۆ وڵاتەکەی، هاوتایە لەگەڵ "بەرگریکردن لە شارستانیەتی ڕۆژئاوا".
ناتانیاهۆ لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: کۆنگرێسی ئەمریکا
بە دەنگی زۆرینەی ڕەها پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە ڕەوانکردنی یارمەتییەکانی پەسەند
کردووە، سوپاسی ئەمریکاشی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی بەردەوامی ئیسرائیل.
#جۆ بایدن
#ڕووسیا