کوردستان

پەرلەمانتارێکی تورکیا داوا لە پارتی دەکات، نەبێتە بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان

20/04/2024
cengiz candar

دەنگوباس

ئەندامێکی پەرلەمانی تورکیا داوا لە پارتی دەکات نەبێتە بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، حەزم دەکرد ببوومایە بە پەرلەمانتاری سلێمانی.

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، هیوادارم پارتی و بارزانییەکان لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی تورکیادا نەبن کە چاوەڕوان دەکرێت لە هاویندا بیکاتە سەر هەرێمی کوردستان.

چاندار ڕوونیشیکردەوە، کە ئامانجێکی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر باسکردنی ئەو بابەتەیە.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، ئەردۆغان بە سەردانێکی فەرمی بگاتە بەغدا و پاشانیش سەردانی هەولێر دەکات.

پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، کە تورکیا بە بێ هەڵکردنی گلۆپی سەوزی ئەمریکا، ناتوانێت ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدات و جەختیشیکردەوە کە ئەو هەنگاوە نە لە بەرژەوەندی خودی ئەردۆغان و نە لە بەرژەوەندی تورکیا و هەرێمی کوردستانیشدا دەبێت.

جەنگیز چاندار، کە کەسایەتییەکی ناسراوی تورکیایە و لە بازنەی ئامەدی باکووری کوردستان بووەتە پەرلەمانتار، ستایشی سلێمانی کرد و ڕایگەیاند سلێمانی شارێکی زۆر تایبەتە لەلام، بە هۆی ئەو دۆستایەتییەی لەگەڵ مام جەلالدا هەمبوو، هەمیشە لێرە بە هاوڕێیانم دەڵێم، ئەگەر لە ئامەد پەرلەمانتار نەبوومایە، ئەوا حەزم دەکرد ببوومایە بە پەرلەمانتاری سلێمانی، سڵاو بۆ دۆستەکانم و خەڵکی سلێمانی دەنێرم.


#باشووری کوردستان
#باکووری_کوردستان