راپۆرت و چاوپێکەوتن

وەزیری نەوتی عێراق: داوامان له‌ هه‌رێم كردووه‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان بنێرن

20/04/2024
hayan abdulghani

دەنگوباس

"سۆمۆ" گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان كردووه‌ بۆ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم، به‌ر له‌ دوو رۆژ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق سه‌رله‌نوێ داوای له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی راده‌ست بكات و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی به‌ستوه‌ته‌وه‌ به‌چاره‌سه‌ر ئه‌م گرێبه‌ستانه‌وه‌، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا وه‌زیری نه‌وتی فیدراڵ ئاشكرای ده‌كات سورن له‌سه‌ر هێنانی غازی كێڵگه‌ی كۆرمۆر. 

حه‌یان عه‌بدولغه‌نی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق کە یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکەی محەمەد شیاع سودانی، لە گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا له‌چاوپێکكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (الحره‌)ی ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند، هه‌نارده‌ی نه‌وتی هەرێمی کوردستان لە عێراق بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان، به ‌بڕیاری توركیا ڕاگیراوه‌، بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، بەهۆی ئەوەی میکانیزمی هەناردەی نەوتی هەرێم لەگەڵ هەناردەی نەوتی هەرێم یەکناگرێتەوە.

حه‌یان عه‌بدولغه‌نی باسی لەوەشکرد، چه‌ندین دانوستانی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ برایان له‌ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ به‌ ئامانجی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی تورکیاوە، سه‌ره‌تا لایه‌نی توركیا ئاگاداری كردین زیان به‌ر بۆرییه‌كه‌ كه‌وتووه‌ به‌هۆی ئه‌و بومه‌رله‌زه‌ی كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت ڕوویدا، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركی به‌رده‌وام بوو، هه‌وڵماندا پشكنین بۆ بۆرییه‌كه‌ بكه‌ین، به‌ڵام توركیا ڕەتیکردەوە، دوای چه‌ند مانگێك ڕه‌زامه‌ندییان نیشاندا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شاندێکی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق پشكنین بۆ شوێنی زیانه‌كه‌ بكات، بەڵام بۆیان ده‌ركه‌وت شوێنی زیانی بۆرییه‌كه‌ دیار نییه‌، دوای سێ بۆ چوار مانگ تورکیا ئاگاداری عێراقی کردەوە، کە بۆرییەکە ئامادەیە بۆ هەناردەکردن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، بە تورکیا-مان ڕاگەیاند کە له‌لایه‌نی سێیه‌مه‌وه‌ پشكنینمان بۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین له‌ سه‌لامه‌تی بۆرییه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان بێت، به‌ڵام تا ئێستا بڕوانامه‌یه‌كی پشكنینمان بۆ بۆرییه‌كه‌ به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ و لایه‌نی توركیش داوای لێنه‌كردووین به‌شداربین له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بۆرییه‌كه‌دا.

وتیشی، داوامان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام وه‌به‌رهێنان ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌دا بێت، كۆمپانیا بیانییه‌كان نه‌وت به‌رهه‌مبهێنن و ڕاده‌ستی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق سۆمۆ بكه‌ن و له‌ به‌نده‌ری جه‌یهان سۆمۆ گرێبه‌ستی فرۆشتنی ئه‌و نه‌وته‌ بكات، ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌گه‌ڵ برایان له‌ هه‌رێم ڕێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ تائێستا رێككه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كراوه بریتییه‌ له‌ خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێم، ئه‌و خه‌رجییه‌ی كه‌ به‌پێی گرێبه‌سته‌كان داوا ده‌كرێت و له‌لایه‌ن برایانی هه‌رێمه‌وه‌ ئاگاداركراوینه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری 26 دۆلاردایه‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا ئه‌و خه‌رجییه‌ی دیاریكراوه‌ 7 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك تێپه‌ڕ ناكات، بۆیه‌ ده‌بێت ڕێككه‌وتن هه‌بێت له‌سه‌ر میكانیزمی ئه‌ژماركردنی خه‌رجی، داوامان له‌ هه‌رێم كردووه‌ گرێبه‌سته‌كانمان بۆ بنێرێت بۆ دیراسه‌كردنی ئه‌و خه‌رجیانه‌ و مه‌رجی گرێبه‌سته‌كان، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یاسای عێراقیدا بگونجێنرێن، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و گرێبه‌ستانه‌یان ڕاده‌ست نه‌كردووین. 

سه‌باره‌ت بە زیانه‌كانی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ 25ی ئازاری 2023وه‌، وه‌زیری نه‌وتی عێراق پێیوایه‌، ڕاوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ناكرێت وه‌كو زیان ئه‌ژمار بكرێت، چونكه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ توانیویه‌تی له‌ كێڵگه‌كانی باشور قه‌ره‌بووی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رێم به‌رهه‌مده‌هات،‌ كێڵگه‌كانی باشور گه‌وره‌ن و به‌وپه‌ڕی توانای خۆیان به‌رهه‌مهێنان ناكه‌ن، بۆیه‌ به‌رهه‌مهێنان له‌و كێڵگانه‌ زیادكراوه‌ هه‌روه‌ها نه‌وتی هه‌نارده‌كراو زیادكراوه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ستیداوه. 

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، وه‌زیری نه‌وتی عێراق ڕایگەیاند، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌نی ئه‌مریكیشه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردان هه‌یه‌ بۆ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم، به‌ر له‌ دوو رۆژ نامه‌یه‌كمان بۆ دەسەڵاتدارانی هه‌رێم نارد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌مان بۆ بنێرن بۆ دانیشتن به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی میكانیزمی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و ئه‌ژماركردنی خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت. 

ئاماژەی بەوەکرد، كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق ته‌نانه‌ت بۆ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم گرێبه‌ستی كردووه‌و گرێبه‌سته‌كان ماوه‌یان ته‌واو بووه‌، چونكه‌ بۆ شه‌ش مانگ بوون، بۆیه‌ گرێبه‌سته‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان نوێكراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان‌ ئاماده‌ین بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه‌. 

سه‌باره‌ت به‌ پشتبه‌ستن به‌ غازی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌، حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وتی، ئه‌و غازه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێم به‌رهه‌مده‌هێنرێت له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی (كۆرمۆر)ه‌، گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیای كاركه‌ر له‌و كێڵگه‌یه‌ كراوه‌ كه‌ كۆمپانیای (كریسێنت)ه بۆ هێنانی (100 ملیۆن) پێ سێجا غاز، به‌ڵام ناكۆكی هه‌یه‌ له‌نێوان كۆمپانیاكه ‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌سه‌ر ڕاده‌ستكردنی ئه‌و بڕه‌ له‌ غاز، خاڵه‌كانی به‌ستنه‌وه‌ی بۆری جێبه‌جێ كراوه‌و ته‌نیا چاوه‌ڕێی هێنانی ئه‌و غازه‌ین، ته‌نانه‌ت ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر تێچووی غازه‌كه‌ش كراوه‌، تێچووه‌كه‌ی به‌رێژه‌ی 30% كه‌متره‌ له‌ غازی ئێران.

راكێشانی غازی كێڵگه‌ی كۆرمۆر له‌ چه‌مچه‌ماڵ بۆ وێستگه‌ی كاره‌بای كه‌ركوك، ناكۆكی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیی لێكه‌وته‌وه‌، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم بێ ئاگایی خۆی له‌ گرێبه‌ستێكی له‌وشێوه‌یه‌ راگه‌یاند، یه‌كێتیشی نیشتمانیش كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر كێڵگه‌كه‌دا هه‌یه‌ ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ له‌گه‌ڵ عێراق كردبێت. 


#عێراق