کوردستان

وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان بڕیاری دا

20/04/2024
otombel

دەنگوباس

بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەر ئۆتۆمبێلێك مەرجەكانی سەلامەتی تێدانەبێت ڕێگەی پێنادرێت بێتە سەر شەقام.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە بێ‌ سەرەتاكان ڕایگەیاند، هەر ئۆتۆمبێلێك مەرجەكانی سەلامەتی تێدانەبێت ڕێگەی پێنادرێت بێتە سەر شەقام، هەرچەندە ئێستا هەندێك ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەكانن، بەڵام ئەوانە ڕێكاری یاساییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.

ئاماژەی بەوەکرد، خاوەنی هیچ ئۆتۆمبێلی بڕاوە چاوەڕێی ئەوە نەكات ئۆتۆمبێلەكەی تۆمار بكرێت، چونكە سەلامەتی هاووڵاتییان گرنگترە لە هەموو شتێك.

وتیشی، ئەوانەی ئۆتۆمبێلی بڕاوەیان هەیە، ئۆتۆمبێلەكانیان سەلامەت نییە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەم ئۆتۆمبێلی بڕاوە لێ نەخوڕن، چونكە ئەگەری ئەوەی هەیە لە ڕووداوێكی سووكدا ئۆتۆمبێلەكە ببێتە دوو پارچە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ئێستا ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا لە بەشێكی شار و شارۆچكەكانی هەرێم بوونیان هەیە، كە چەندین جۆری ئۆتۆمبێلن و زیاتر بە (مەلیكە و شاهینە و ماجێستا) ناسراون و پێكهاتوون لە (بڕاوە و مووس و بەشێكیشیان ساخ)ن و بەهۆی كەمی نرخەكانیانەوە بەشێكی هاووڵاتییان ڕوویان لە كڕینیان كردووە.


#باشووری_کوردستان