دەنگوباس
سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ
ئەمریکا، لە چاوی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دا، دەرفەتێکە بۆ بیرهێنانەوەی
واشنتۆن لە پابەندبوونەکانی بەرامبەر بە ناوچەکە و پاراستنی لە مەترسی داڕمان دوای
ئەوەی بووەتە ژێرباری فشاری زیاتری ئێران و هاوپەیمانە کاریگەرەکانی لە دەوڵەتی فیدراڵی
عێراقدا.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە پارتی دیموکراتی
کوردستان لە گەشبینترین لایەنە عێراقیەکانن سەبارەت بە ئەنجامی سەردانەکەی سودانی بۆ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە زانینی ئەوەی کە پرسی پەیوەندی نێوان بەغدا و
هەولێر لە دانوستانەکانی سودانی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر بنەمای داوای
ئەمریکا بۆ یەکگرتوویی ناوچەکە دووپاتکراوەتەوە بە تایبەت پاراستنی هەرێم لە
داڕمان بە تایبەت کە خۆی لە پشت خۆبەڕێوبەرییەکەیەوە وەستاوە.
وائیل ئەلریکابی، ئەندامی شاندی یاوەری سەرۆک وەزیرانی
عێراق بۆ واشنتۆن ڕایگەیاند، لایەنی ئەمریکی لە میانی گفتوگۆکاندا پرسی “پەیوەندی
نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان و گرنگی گفتوگۆ و تێگەیشتنی هەردوولایان بەرباسختووە”.
سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هیوادارن ئیدارەی
ئەمەریکا ڕۆڵی ڕاستەوخۆ ببینێت لە کەمکردنەوەی فشارە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی
سەر هەرێم، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە تایبەت لەلایەن ئێران و هاوپەیمانەکانیەوە
کە بە توندی دەستیان لە حوکمڕانی عێراقدا هەیە ڕووبەڕووی لاوازی بووەتەوە و فشارەکان جیا لە فشار و پەلاماری سەربازی و هێرشی
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سروشتێکی سیاسی و داراییشیان بەخۆوە بینی.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان پێیان وایە پاڵپشتی سیاسی
ئەمریکا بۆیان بووەتە ئەمری واقیع، ئەوەش لەڕێگەی لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی
بایدن لە سەردانەکەی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،
دەرکەوت بۆ ئەمریکا.
حکومەتی هەرێم هیوادارە سەردانەکەی سودانی بۆ واشنتۆن
ببێتە هۆی چارەسەری کردەیی بۆ پرسی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هێڵی کەرکوک-جەیهانەوە،
کە بەهۆی سکاڵایەکی یاسایی پێشتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە دژی دەسەڵاتدارانی
تورکیا ڕاگیراوە.
ئەمەریکا لە ڕێگەی باڵیۆزی خۆی لە عێراق، ئالینا ڕۆمانسکی،
ئارەزووی خۆی بۆ ئەم مەلەفە دەربڕیبوو، وەک باڵیۆزەکە وتی، "سود وەرگرتن لە نەوت
و غازی هەرێمی کوردستان یارمەتی عێراق دەدات بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە بواری
وزەدا".
لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازیی، لایەنە کوردییەکانی عێراق
بەڕاشکاوی داوا دەکەن، هەر پاڵپشتییەکی لۆجستی و تەکنیکی کە واشنتۆن بتوانێت پێشکەش
بە هێزەکانی عێراقی بکات، هێزی پێشمەرگەش لەخۆ بگرێت، هەروەها داوای دابینکردنی سیستمی
بەرگری ئاسمانی بۆ پاراستنی ناوچەکە لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشەکان
دەکەن.
لایەنە پەیوەندیدارەکان بە سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست هۆشداری دەدەن کە کوردەکان لە ڕادەبەدەر پشت بە واشنتۆن دەبەستن بۆ
پاراستنی ناوچەکەیان لە بەرامبەر ئەو فشارانەی کە لە سەریان هەیە.
ئەوان پێیان وایە یەکەم بناغەی خۆڕاگریی هەرێمی
کوردستان لە بەرامبەر فشارەکاندا پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناوخۆیی خۆیانە، ئەمەش
شتێکە کە تا ئێستا لەبەردەستدا نییە بە لەبەرچاوگرتنی ڕادەی ناکۆکییەکانی نێوان
دوو لایەنە گەورەکەی هەرێم کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی
کوردستانە، کە ئاستی ناکۆییەکانیان تەنانەت لایەنی ئەمنیشی گرتووەتەوە لە ڕێگەی
دابەشکردنی سوپا و پۆلیسی هەرێم (پێشمەرگە و ئاسایش)، جگە لە تێوەگلانیان لە سیاسەتی
پابەند بوون بە وڵاتانی ناوچەکە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوای دیدارێکی
ئەم دواییەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە سەردانەکەیدا بۆ
واشنتن، ڕایگەیاند، ئەمریکا هێشتا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات، هاوکات بەیاننامەیەک
کە لەلایەن کۆشکی سپی بە بۆنەی سەردانەکە راگەیەنرابوو، پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا
بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ناوچەکە لە ڕووی ئابووریی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی.
#ئەمریکا
#باشووری کوردستان
#جۆ بایدن
#عێراق