کوردستان

تەیف سامی: بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنها لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراق دەبێت

19/04/2024
taif sami

دەنگوباس

وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆسەی بە بانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەنها لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراق (ڕەشید، ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقی) ئەنجامدەدرێت.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لە نووسراوێکدا، کە ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، ڕایگەیاندووە، بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پێویستە پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە بێت، لەسەر ئەو بنەمایە داوادەکەین کە بە زووترین کات زانیاری پێوستمان لەبارەی فەرمانبەران بۆ ڕەوانە بکەن، کە لە نووسراوەکەدا دیاریکراوە.

وەزیری دارایی عێراق، لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، فەرمانبەرانی هەرێم ئازادن لەوەی کە بۆ بانکیکردنی مووچەکانیان یەکێک لە بانکە حکومییەکانی عێراق (ڕەشید، ڕافیدەن و بانکی بازرگانی عێراقی) هەڵبژێرن، لە ڕێی کارتی ئەلیکترۆنی ئەو بانکانەوە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن، کە شایستەداراییەکان دەچێتە سەر هەژمارەکەیان، دواتر لە ڕێگەی ئامێرەکانی ATM ەوە دەتوانن وەریبگرن.
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، هیچ کام لەو بانکانەی تێدا نییە کە لە پڕۆژەی "هەژماری من"ی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارن.


#باشووری_کوردستان
#عێراق