دەنگوباس
سەرۆکى دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەبارەى بڕیارەکانی
کە تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەریکردوون ڕایگەیاند، سیستمى دیموکراسى لە عێراق
پێویستى بە دامەزراوە دەستوورییەکان و سیستمێکى هەڵبژاردنى دروستە، بەتایبەتیش
بوونى یاسایەکى دادپەروەرانەى هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان.
جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکى دادگاى باڵاى فیدراڵى لە
دیدارێکدا لەگەڵ ئەتیلا تار، باڵیۆزى هەنگاریا لە عێراق تاوتوێى ئەو بڕیارانەیان
کرد کە دادگاى باڵاى فیدراڵى لە بارەى هەرێمى کوردستان دەریکردوون بە تایبەتیش
مووچەى مووچەخۆران.
سەرۆکى دادگاى فیدراڵى لە دیدارەکەدا ئاماژەى بەوەکرد،
دەستوورى هەمیشەیی عێراق بنەما بنەڕەتییەکانى ماف و ئازادییەکانى بۆ گەلى عێراق
چەسپاندووە، گرنگترین بنەماکانیش یەکسانی، ئاڵوگۆڕى ئاشتییانەى دەسەڵات و دەرفەتى
یەکسان و ئازادیى دامەزراندنى حیزبە.
ڕوونیشی کردەوە، سیستمى دیموکراسى لە عێراق پێویستى بە
بونیادنانى دامەزراوە دەستوورییەکان و سیستمێکى دروستى هەڵبژاردنە، بەتایبەتیش
بوونى یاسایەکى دادپەروەرانەى هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنێکى باڵاى هەڵبژاردن، بە
رەچاوکردنى ماددەى 110ى دەستوور، تایبەت بە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و ماددەى 117ى
تایبەت بە پەسەندکردنى دەستوور، لە کاتى جێبەجێکردنى لە هەرێمى کوردستان و دەسەڵاتە
هەرێمى و فیدراڵییەکانى.
#باشووری کوردستان
#عێراق