دەنگوباس
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی
عێراق دوای وردبینی، پارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەنێرێت، کار بۆ گەڕاندنەوەی
مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووش دەکەین.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو نۆ مووچەیان وەرگرت، مووچەی
سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو دابەشنەکرا، لەو بارەیەشەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی
فەرمی لەبارەی چارەنووسی ئەو سێ مووچەیە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم ڕانەگەیەنرا.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵی
تەواو دەدەین کە مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو وەربگیرێت، بەڵام لە رووی
دارایی و ژمێریارییەوە مووچە لە چوارچێوەی خەرجیی بەکاربردندایە (جاری) کە لە
31-12-2023 کۆتایی هاتووە .
بەپێی
بڕیاری داگای فیدراڵیی عێراق کە 21ـی شوباتی 2024 دەرکرا، پرسی مووچە بەتەواوی لە
پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان جیاکراوەتەوە، ئەگەر نەوت هەناردە نەکرێتەوە، حکومەتی
عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان ڕاناگرێت، بەڵام کۆی داهاتی نێوخۆی لێ دەردەکرێت.
نەرمین مەعروف وتیشی، ئومێد دەکەین بڕیارەکە مووچەی مانگەکانی ساڵی
2023یش بگرێتەوە.
ئەو
ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری
ژمێریاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە، بەڵام دەڵێت، "بڕیارەکەی دادگەی
فیدراڵی 'اثر رەجعی' نییە و بەڵکو تەنیا لە 21ی شوباتەوە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە دەبێت
چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی بین، کە ڕێگە بە وەرگرتنی دەدات یاخود نا".
نەرمین
مەعروف، جەختی لەوەشکردەوە، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، تەنیا بڕیارێکە، پێویستی بە
گەرەنتی زیاتر هەیە.
#باشووری کوردستان