کوردستان

سەركردایەتی یەكێتی: هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێكە بۆ نوێبوونەوەی پڕۆسەی سیاسی

18/04/2024
yaketi

دەنگوباس

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە، جەختی لەسەر تەواوکردنی ئامادەکاری یەکێتی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی کوردستان لە وادەی خۆی لە ڕۆژی ١٠ ی ٦ ی ٢٠٢٤ کردەوە.

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە کە سەرەتای کۆبوونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی دوا پێشھاتەکانی دۆخی سیاسی کوردستان، عێراقی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند ئەمە بەرئەنجامی یەک گوتاری و یەک دەستی سەرکردایەتی و ڕاست و دروستی سیاسەتەکانی یەکێتییە، کە بووەتە جێی ئومێدی میللەتەکەمان و پشتیوانی دۆستانی ئەزموونەکەمان.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی ھەمەلایەنە و تێر و تەسەلی لەسەر ئامادەکارییەکانی مەکتەبی ھەڵبژاردن و کاری لیژنەکان کرد، ھەروەک ھەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ بەرنامە و گوتاری سیاسی یەکێتی لە کەمپینی ھەڵبژاردن لە سەرجەم شار وشارۆچکەکانی ھەرێم ئەنجامدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بیروڕای خۆیان خستەڕوو کە گەشەکردنی ئەزموونی نیشتمانییمان، پاراستن و بەھێزکردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، دابینکردنی ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ ھاووڵاتییان تەنھا لە ڕێی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەوادەی خۆیدا دێتەدی، کە پەرلەمانێکی بەھێز و حکومەتێکی پتەو و خزمەتگوزار بێنێتە کایەوە، ئەوەش بۆ ڕاستگۆیی بزوتنەوەی سیاسی و داھاتووی گەلەکەشمان گرنگە، بە تایبەتی کە ھەڵبژاردنی داھاتوو دەرفەتێکە تا ئاڵوگۆڕی دیموکراتیانە لە دەسەڵات و نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بکرێت، لە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسی عێراقیشدا بەسەربەرزیی و یەکڕیزییەوە پێداگری لەسەر ئیستحقاقە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەکانی خۆمان بکەین.


#باشووری کوردستان