دەنگوباس
پارتی دیموکراتی کوردستان
سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی بۆ بەشدارینەکردنی هەڵبژاردن، وتەبێژی یەکێتییش ڕایگەیاند،
"دەستدەکەین بە بانگەشەی هەڵبژاردن".
سەعدی ئەحمەد پیرە،
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، سبەینێ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی
یەکێتی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردن و گفتوگۆکردن لەسەر
چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی
ھەموو ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە کردووە، لە کۆبوونەوەکەیاندا
گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکەن.
ئامادەکارییەکانی یەکێتی
لە کاتێکدایە بڕیارە ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی
کوردستان بەڕێوەبچێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە،
پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر بەشدارینەکردنی هەڵبژاردن، ئێوارەی ئەمڕۆش مەسعود
بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتیی
ئەوروپا لە عێراق كرد و پێی ڕاگەیاند، ناکرێت لەو وادەیەی دیاری کراوە
هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ
دواخستن یان ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ئارادا نییە و
ئێمە ئامادەین بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە لە ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ.
#باشووری کوردستان
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان