کوردستان

بازاڕی لەنگەی هەولێر نۆژەندەکرێتەوە

17/04/2024
bazari langa

دەنگوباس

بازاڕی لەنگەی هەولێر لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا دووجار سووتا، بڕیارە لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر نۆژەن بكرێتەوە.

بازاڕی لەنگە لە 27ی شوباتی 2024 ئاگری گرت و سووتا، هاوکات جارێکی دیکە لە 8ی نیسانی 2024 سووتا بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە کاسبکارانی بازاڕەکە کەوت، ئێستا پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە دەستی پێكردووەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، بە زووترین كات بازاڕەكە لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە و بۆ كاركردنی كاسبكاران ئاسایی دەكرێتەوە، تا ئێستاش 95%ی سیستەمی كارەبا و ئاو و بنمیچی بازاڕەكە چاك كراونەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بازاڕی لەنگەی هەولێر لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا دووجار سووتا، خەڵکانێکی زۆر کە لەو بازاڕە کاڵایان هەیە و خاوەن دوکانن زیانێکی زۆریان بەرکەوت، خاوەن دوکانەکانیش چەندینجار گردبوونەوە، داوایان کرد حکومەت هاوکارییان بکات و قەرەبوویان بکاتەوە.

پێشتریش لە مانگی تشرینی یەکەمی 2018 ئاگرێکی گەورە لە هەمان شوێن کەوتەوە و بەهۆیەوە هەزار و 200 دووکانی بازاڕەکە سووتان، ئەوکات ئاگرەکە لە رێگەی بەکارهێنانی هێلیکۆپتەر و لە دوای بارینی بارانێکی بەلێزمە، توانرا کۆنترۆڵ بکرێت.



#باشووری کوردستان