کوردستان

كۆمەڵی دادگەری هەڵوێستی لەبارەی هەڵبژاردن و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ڕاگەیاند

17/04/2024
komal

دەنگوباس

كۆمەڵی دادگەريی كوردستان جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاری كراوی خۆیدا دەكات، هاوکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەكەن.

ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمە، بەرپرسیارانە مامەڵە و ڕەفتاربکەن، کارێک نەکەن کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بخەنە دۆخێکەوە کە دەرەنجامی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان:

 بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

بە سەرپەرشتیی مامۆستا عەلی باپیر و لە شاری سلێمانیی، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی نیسانی ٢٠۲٤، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆبووەوە.
پاش گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی وردی ڕووداو و پێشهاتەکانی ئێستا، ئەنجومەنی باڵا جەختدەکاتەوە لە:

یەکەم: ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیش عێراق، بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت کە ئەوسەری دیار نییە، کۆمەڵی دادگەریی دەخوازێت کە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، پارێزراو و دووربێت لە دەرهاویشتە و دەرەنجامەکانی ئەو بارودۆخە نوێیە ناوچەکەی تێکەوتووە، ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمە، بەرپرسیارانە مامەڵە و ڕەفتاربکەن، کارێک نەکەن کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بخەنە دۆخێکەوە کە دەرەنجامی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە کە دواتر چارەسەری ئەستەم بێت.

دووەم: پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی بۆ چارەسەر و کۆتاییهێنان بە کێشە و قەیرانی چەندین ساڵەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان .

سێهەم: سەبارەت بە هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ جەخت لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە دەکاتەوە لەو کاتەی کە دیاریکراوە، دژی هەر جۆرە هەوڵ و هەنگاو و نیازێکین بۆ دواخستنی، پێمانوایە دواخستنی پرۆسەکە، هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسیی و ئەگەری هەیە ئەوەشی ماوە لە دەستی بدەین.


#باشووری کوردستان