کوردستان

مەسعود بارزانی: ناکرێت لەو وادەیەی دیاری کراوە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت

17/04/2024
parti

دەنگوباس

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كرد و ڕایگەیاند، "ناکرێت لەو وادەیەی دیاری کراوە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، لە دوای ڕاپەڕینەوە پارتی دەستپێشخەری دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دەستووری بووە، هەردەم ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوەکرد، ئەو تێبینیانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی بەهۆی بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربوونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاریی نادەستووریی یاسای هەڵبژاردن، هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بووە، پارتیش لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتیەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە.

جەختیشی لەوە كردەوە، پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن، هەروەها سیغەیەكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە، داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین كە گەرەنتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن، بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.

لە درێژەی وتەكانیدا مەسعود بارزانی جەختی لەوەکردەوە، ناكرێت لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت، بەڵام هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، بە دڵنیایشەوە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت.

وتیشی، هیواخوازم هەموو لایەنەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمسیۆنی عێراقی بتوانن كەموكوڕییەكان چارەسەر بکەن، ڕێگە بۆ هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە، پاك و شەفاف خۆش بكرێت، چارەسەرێكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان بدۆزرێتەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا جەختی لەوە كردەوە، كە تێبینی و سەرنجەكانی پارتی لەسەر لایەنە تەكنیكییەكانی هەڵبژاردن و بێبەشبوونی پێكهاتەكان بە جددی وەرگیراوە، لە نزیكەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەكات.

ڕاشیگەیاند، یەكێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان هاوڕان، كە هەڵبژاردن بە بێ بەشداریی حزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتیانە و سەركەوتوو نابێت.


#باشووری_کوردستان
#هەڵبژاردنی کوردستان
#هەولێر