کوردستان

ڕێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئاشکرا دەکرێت

17/04/2024
dinar

دەنگوباس

بە وتەی بەرپرسانی حکومی، لەم ڕۆژانەدا لیستى مووچەى مانگى نیسانی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەنێردرێت بۆ بەغدا، ڕێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەش دەستیپێکردووە.

هونەر جەمال، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، لیستی مووچەی فەرمانبەران لە چەند ڕۆژی ئایندەدا ئامادە دەکرێت و ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان، هاوشێوەی مانگی شوبات و ئازار دەبێت، کە بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی، حکومەتی عێراق پابەندکراوە بە ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێم.

سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم، وتی، دەستکراوە بە ڕێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، بەڵام وردبینیکردن لە دۆسییەی فەرمانبەران کاتێکی زۆری دەوێت، ئێستادا فەرمانگەکان لەلای خۆیانەوە سەرقاڵی ئەو وردبینییەن.

وتیشی، بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕەهەندێکی دارایی هەیە، بۆیە پێویستی بە گفتوگۆ و ڕێککەوتن دەبێت تاوەکو بەغدا پارەی زیاتر بۆ مووچە بنێرێت.

هاوکات سەمیر هەورامى، وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەی مووچەی مانگی نیسان ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیستی مووچە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، ئامادەکردنی لیستەکەش هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو دەبێت.

ئاماژەی بەوەکرد، لەو کاتەی حکومەت مووچەی پارێزگاکانی عێراقی دابەشکرد کە لە 18ى مانگەوە دەستپێدەکات، بە هەمان شێوە پارەی مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت.

لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیشەوە ڕایگەیاند، پلەبەرزکردنەوە پڕۆسەیەکی ئاسان نییە، بەهۆى ئەوەى زیاتر لە 10 ساڵە پلەبەرزکردنەوە بۆ فەرمانبەران نەکراوە و کاتی پێویستە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 100 ملیار دینارى پێویست دەبێت.

فەرمانبەرانی هەرێم زیاتر لە هەشت ساڵە پلەبەرزکردنەوەیان وەستاوە، لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراقەوە، مووچەخۆران داوای پلەبەرزکردنەوە دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان داواى لەسەرجەم فەرمانگەکان کردووە، بە لیستێک پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران ئامادەبکەن.


#باشووری کوردستان