کوردستان

"بۆری نەوتی عێراق - تورکیا ، کۆتایی هاتنی خەونی سەربەخۆیی کورد خێراتر دەکات"

17/04/2024

 

دەنگوباس

بەغدا بە تێکدانی سەربەخۆیی دارایی هەرێم دەیەوێت کۆتایی بە پێگەی نیمچە سەربەخۆیی هەرێم بهێنێت و بۆ ئەم کارەش دابەشبوونە ناوخۆییەکان ئاسانکاری بۆ ئەرکی بەغدا دەکەن.

دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا بەغدا هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە، لە ڕووی یاسایی و ئابوورییەوە، بۆ تێکدانی سەربەخۆیی دارایی هەرێم.

سەرچاوەیەکی باڵا کە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کاردەکات، بە پێگەی ئۆیل پرایسی ڕاگەیاندووە، حکومەتی فیدراڵی عێراق چەند هەفتەیەک لەمەوبەر فەرمانی داوە چاکسازییەکانی بۆری هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا خێراتر بکرێن، کە بە وتەی شرۆڤەکاران، ئەم هەنگاوە  و کۆتایی هاتنی ئەم کارە خەونی سەربەخۆیی کورد خێراتر دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا باسم محەمەد خودەیر، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت ئاماژەی بەوەداوە، پێدەچێت تا کۆتایی ئەم مانگە کۆتایی بە نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی (كەركوك - موسڵ- توركیا) بێت و ئامادە بێت بۆ کارکردن و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

لە لایەکی دیکە، سیمۆن واتکینز، شرۆڤەکاری ئابووری لە ڕاپۆرتێکدا کە ماڵپەڕی ئەمریکی ئۆیل پرایس بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، لەو ساتەوەی گەمارۆی هەناردەکردنی نەوت بەسەر کوردستانی عێراقدا سەپێنرا لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣، ئامانجی بەغدا هەمیشە کۆتاییهێنان بووە بە پێگەی نیمچە سەربەخۆیی هەرێم، کە بە واتای لەناوبردنی هەموو سەربەخۆیی داراییەکەی دێت و بەم شێوەیەش فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت دەوەستێت.

هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای بواری وزە، تایبەت بە ئۆیل پرایسی ڕاگەیاندووە؛ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەن، بەغدا گرنگیان پێنادات و ئاساییە لایان ئەگەر بڕۆن.
تەواوبوونی چاکسازییە بەردەوامەکانی بۆری هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ تورکیاش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆتایی یارییەکە لە ئارادایە.

ئەو سەرچاوە عێراقییە وتیشی، "گرێبەستی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ پێدانی بودجە لە حکومەتەوە لە بەغدا لە بەرامبەر نەوتی هەرێمی کوردستان، مەبەست لێی ئەوە بووە کە سوودێک بۆ هەردوولا دابین بکات، بەڵام ئەم کارە سەرکەوتوو نەبوو".


#ئابووری
#باشووری کوردستان
#عێراق
#نەوت